ئەو رۆژنامەڤانانەی لەسەر دۆسیەی ژینا ئەمینی دەستگیرکرابوون بە کەفالەت ئازاد کران

14-01-2024
سینا سۆما
نیشانەکردن ژینا ئەمینی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژنامەڤان کە لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی ماوەی 17 مانگ لە زیندان مانەوە، ئەمڕۆ بە بڕیاری دادگەی تاران بە کەفالەت ئازاد کران.
 
دادگەی تێهەڵچوونەوەی پارێزگای تاران ئەمڕۆ (یەکشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2024) بڕیاری دا نیلوفەر حامدی و ئێلاهە محەممەدی، دوو رۆژنامەڤانە زیندانیکراوەکە بە کەفالەتی 10 ملیار تمەن (نزیکەی 200 هەزار دۆلار) بۆ هەر یەکێکیان، بە شێوەیەکی کاتی و تاوەکو دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادگەکە لەسەر تانەی ئەو دوو رۆژنامەڤانە، ئازاد بکرێن.
 
ژینا ئەمینی، کچە کوردەی خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 بە تۆمەتی "پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی" لە تاران دەستگیر کرا و، دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. 
 
نیلوفەر حامدی، رۆژنامەڤانی رۆژنامەی شەرق و ئێلاهە محەممەدی، پەیامنێری رۆژنامەی هەم میهەنی ئێرانی، ساڵی 2022 لەبارەی دەستگیرکردن، گیانلەدەستدان و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی راپۆرتە هەواڵیان بڵاوکردبووە، دواتر لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەستگیرکرابوون. 
 
ئێلاهە محەممەدی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئەمریکا، ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی وڵات و کارکردن لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەلایەن دادگەی تاوانەکانی تارانەوە سزای 12 ساڵ زیندانیکردن بەسەریدا سەپێنرا. هەروەها دادگە بە هەمان تۆمەت سزای 13 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر نیلوفەر حامدیدا سەپاند.
 
میدیای ئێران رایگەیاندووە، دوو رۆژنامەڤانەکە چوونەدەرەویان لێ قەدەخە کراوە و، تاوەکو کاتی دەرچوونی بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوە، بە کەفالەتی 10 ملیار تمەن، لە دەرەوەی زیندان دەبن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو ئەنگوستیلەیەی حەسەن نەسروڵڵا کە بە نزیکەی 10 هەزار دۆلار فرۆشراوە.

لە ئێران ئەنگوستیلەیەکی حەسەن نەسروڵڵا بە نزیکەی 10 هەزار دۆلار فرۆشرا

ئەنگوستیلەیەکی ئەمینداری گشتیی پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئێران بە نزیکەی 10 هەزار دۆلار (680 ملیۆن تمەن) فرۆشرا، خاوەنی ئەنگوستیلەکە دەڵێت: ''ئەمە دیاری بوو، بەڵام پارەکەی بۆ هاوکاریی خەڵکی ستەملێکراوی لوبنان دەنێردرێت.''