رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان
کۆمەڵێک لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە گلەیی و گازندەی خۆیان وەک ناڕەزایەتیەک لە بارەی سیاسەت و هەڵسووکەوتەکانی حکوومەت، لە بەرامبەر زیندانیانی سیاسی دەربڕیوە.
ئەو بنەماڵانە لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە کە:" ستەم و پێشێلکردنی مافی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکاندا،هەروەک رابردوو بەردەوامە".
بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی دەڵێن:" جیا لە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعاتیش بە بیانووگەلیی جۆراوجۆر کوڕان و کچانی ئێران بانگهێشتدەکات و بە تووندی لە رووی رقەوە لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت".
هێشتا ژوورە تاکەکەسییەکان لەسەر بەندکروانی سیاسیی قوفڵ دەدرێت، هێشتا لێکۆڵینەوە کورتەکان وەک رابردوو ماوەکەیان درێژ دەکرێتەوە، هێشتا بەندکراوانی بەندی 240 لە هەڵمژینی هەوای دەرەوە بێبەرین، هێشتا دادگاییکردنەکان بە ئەنقەست دوا دەخرێن و هێشتا زیندانیان بە بیانووی جۆراوجۆر، سزای قورسیان بە سەردا دەسەپێنرێت.
ئەو بنەماڵانە لە بەیاننامەکەدا دادوەریی دادگاکان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەڕووی راستی و ویژدانەوە بڕیار نادەن و دەشڵێن:" هەندێک لە دادوەرەکان لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرتیل خۆیان فرۆشتووە و لە گەڵ لێپێچەرانی زیندانەکان دەستیان تێکەڵاو کردووە و بە زۆرە ملێ تۆمەتباران ناچار دەکەن،دان بە کردەوەیەکدا بنێن کە ئەنجامیان نەداوە".
ئەو بنەماڵانە ئاشکرایان کردووە کە زیندانیانی سیاسی لە ژێر گوشاردا ناچار بە هاوکاریکردنیان لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت دەکەن و پێیان دەلێن" ئەگەر هاوکارییمان نەکەن ئەوە سزای قورسترتان بەسەردا دەسەپێنین"و بە وتەی خۆیان هێشتا "قین لەدڵیی" تەنیا هۆکاری سەپاندنی سزای تووندە، بەسەر زیندانیانی سیاسیدا.
ئەو کۆمەڵە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە کۆتاییدا روو لەخەڵک و پێکهاتە جیاوزە نەتەوەیی و کەمینە ئایینیەکانی ئێران دەڵێن:" ئەگەر گەندەڵی نەچووبایە نێو دەزگای یاسادانانەوە و ئەندامانی پەرلەمان بە وەرگرتنی ماڵی حەرام و بەرتیل رانەهاتبان، ئەوە دەمانتوانی چاوەڕوانییەکمان لێیان هەبێت، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو هەمووە نادادپەرەوەیە لە دەزگای دادوەری ئێران وەربگرین".
ئەوان دەڵێن:" بەداخەوە ئەو نوێنەرانەی خەڵکی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، نوێنەری راستەقینەی خەڵک نین و ئێستاش دەبێت بینەر و بیسەری دەرد و ئازارەکانی ئێمە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، هەر خودی خەڵک بێت".


