لە تاران رێگە نەدرا خێزانی ژینا ئەمینی گەشت بکەن

09-12-2023
فواد حەقیقی
نیشانەکردن ژینا ئەمینی خەڵاتی ساخارۆڤ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینیی تاران رێگەیان نەدا خێزانی ژینا ئەمینی گەشت بکەن، کە دەیانویست سەردانی فەرەنسا بکەن بۆ ئەوەی خەڵاتی ساخارۆف وەربگرن.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 9-12-2023) هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە موژگان ئیفتخاری، دایکی ژینا؛ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا و ئەشکان ئەمینی، برای ژینایان گوتووە، گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەخە کراوە و هەر لەوێش دەست بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گیراوە.
 
هێزە ئەمنییەکان تەنیا رێگەیان بە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی داوە گەشت بکات و، بڕیارە بە نوێنەرایەتی خێزانی ژینا ئەمینی لە رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆفدا بەشدار بێت.
 
خێزانی ژینا ئەمینی لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە بە فەرمی بانگهێشت کرابوون و بڕیار بوو لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا خەڵاتی ساخارۆف وەربگرن.
 
پەرلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساڵی 2023ـی ساخارۆفی پێشکێش بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان و ئازادی کرد و رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە بڕیارە رۆژی 12-12-2023 بەڕێوەبچێت.
 
خەڵاتی ساخارۆف بەو کەس و گرووپانە دەدرێت، کە ژیانی خۆیان بۆ داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین تەرخان دەکەن. پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 1988ـەوە ئەم خەڵاتەی بۆ رێزگرتن لە ئاندرە ساخارۆف، هاووڵاتی رووسی راگەیاند.
 
ژینا ئەمینی کچێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی سەقزی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، رۆژی 13-9-2022 لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەر کرا و لە رووداوێکی جێگەی گوماندا باری تەندروستیی تێکچوو، سێ رۆژ دواتر گیانی لەدەستدا. 
 
گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی کەموێنە و بۆ ماوەی چەندین مانگ بەردەوام بوو.
 
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، پێشتر لە پەیوەندی لەگەڵ پێدانی خەڵاتی ساخارۆف بە ژینا گوتبووی، "ناوی ژینا بووەتە سیمبوولی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە جیهاندا. هەڵبژاردنی ژینا بۆ خەڵاتی ساخارۆف، کە گرنگترین خەڵاتی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپایە، نیشانەی ئەوەیە ئێوە و کۆمەڵگای جیهانی، گرنگی بە ستەملێکراویی ژینا و هاوتەمەنەکانی دەدەن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە