رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی وزەی وڵاتەکەی، ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە و دەڵێت، "ئەم هێرشانە بە واتای جەنگی کیمیایی بەئەنقەست دێن دژی گەلی ئێران."
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "دەستدرێژییە تاوانکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر گەلی ئێران، لە رێگەی هێرشی بە ئەنقەست بۆ سەر ژێرخانی وزە، چووەتە قۆناخێکی نوێ و مەترسیدارەوە."
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بەئامانجگرتنی کۆگاکانی سووتەمەنی، مادەی ژەهراوی و مەترسیدار لە هەوادا بڵاوبوونەتەوە، "ئەم تاوانە راستەوخۆ ژیانی خەڵک ژەهراوی دەکات، ژینگە لەنێودەبات و گیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، لێکەوتەکانی ئەم "کارەساتە ژینگەیی و مرۆییە" تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا نامێننەوە و کاریگەرییان بۆ سەر ناوچەکە دەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئیسماعیل بەقایی ئەو هێرشانەی وەکو "تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی" وەسف کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستیان هەبێت.



