رووداو دیجیتاڵ
موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن بەستراوەتەوە بەوەی ئیدارەی ترەمپ رەزامەندی بدات لەسەر ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککراوی ئێران؛ هۆشداریش دەدار کە ئەگەر ئەمریکا شەڕ دەستپێبکاتەوە، "دەچێتە نێو رێڕەوێکی تاریکەوە".
موحسین رەزایی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (CNN) رایگەیاند: "دانوستاندنەکان گەیشتوونەتە بنبەست و دەبێت دۆناڵد ترەمپ ئەم بنبەستە بشکێنێت." راوێژکارەکەی موجتەبا خامنەیی گوتیشی: "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ترەمپدایە."
ئێران داوای کردووە 12 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکەی دەستبەجێ دوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی سەرەتایی ئازاد بکرێ، 12 ملیار دۆلارەکەی دیکەش لە قۆناخێکی دواتردا بخرێتە بەردەستی تاران. بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی ئازادکردنی ئەو پارەیە لە قۆناخی سەرەتادا ببێتەهۆی لەدەستدانی کارتێکی گرنگی گوشار بەسەر تارانەوە.
رەزایی تیشکی خستە سەر بیرکردنەوەی ناوەندە ستراتیژییەکانی بڕیاردان لە ئێران سەبارەت بە قۆناخی دوای جەنگ، چارەنووسی تەنگەی هورمز و کاردانەوەی وڵاتەکەی لە ئەگەری هێرشکردنە سەریان.
رەزایی ئازادکردنی ئەو پارەیە وەک هەنگاوێک بۆ بنیادنانی متمانە وێنا کرد و گوتی، ئازادکردنی پارەکە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە دەبێتە "ئاسۆیەکی نوێ بۆ دواڕۆژی" پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. راوێژکارەکەی رێبەری ئێران گوتی: "ئەگەر ترەمپ دەیەوێ لەگەڵ ئێران بگاتە رێککەوتن، ئەم 24 ملیار دۆلارە تاقیکردنەوەی ئەو متمانەیەیە کە ئێران دەیەوێ بەرامبەر ترەمپ هەبێ. ئەمە تاقیکردنەوەیەکە کە دەبێت ئەمریکا تێیدا سەرکەوتوو بێت تاوەکو رێگەکە بکرێتەوە."
موحسین رەزایی هۆشداری دا کە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئێران "مەودای جەنگەکە بۆ دەرەوەی کەنداو گەورەتر دەکات" و ئەگەری هەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە تەنگەی هورمزەوە بۆ زەریای هیندی، تەنگەی بابولمەندەب، دەریای سوور و دەریای نێوەڕاست فراوان بکات.
رەزایی گوتی: "ئێمە رەهەندێکی دیکە بە جەنگەکە دەدەین، ئەویش لە رێگەی هێرشکردنە سەر ئەو بنکە ئەمریکییانەی دیکە کە تاوەکو ئێستا هێرشمان نەکردوونەتە سەریان."
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و موجتەبا خامنەیی، موحسین رەزایی وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی دۆخی تەندروستیی رێبەر و کاریگەری لە بڕیارەکان نەدایەوە، بەڵام ئەگەری هەر دیدارێکی لەو شێوەیەی رەتکردەوە و گوتی: "ئەمە روونادات. لەم ساتەدا ئێمە لە قۆناخی یەکەمی دانوستاندنین و بەڕێز ترەمپ دانوستاندنەکانی گەیاندووەتە بنبەست، بۆیە ئەو دیدارە ئەنجام نادرێت."



