رووداو - هەولێر
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێران تاوتوێی وەڵامدانەوەی ئەمریکا دەکرێت و 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ سوپای قودس تەرخانکرا.
پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، ئەوانەی دەستیان لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران هەبووە، دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە.
پەرلەمانی ئێران سەرجەم ئەندامانی پێنتاگۆن، کۆمپانیا و دامەزراوەکانی سەر بە پێنتاگۆن و ئەو کەسانەی لە بڕیاری تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی رۆڵیان هەبووە، خستە لیستی تیرۆرەوە.
پەرلەمانی ئێران پرۆژەبڕیاری ''تۆڵەسەندنەوەی تووند''ی پەسندکرد و سوپای ئەمریکایشی وەک قەوارەیەکی "تیرۆریست" ناساندووە.
پێشتر محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر قاسم سولەیمانی جیهان و ئەمریکای زیاتر بەرەو نائارامی برد.
بەرەبەیانی رۆژی 3-1-2020 لە هێرشێکی ئەمریکادا قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەگەڵ چەند ئەفسەر و فەرمانەیەکی دیکەی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران کرانە ئامانج و کوژران، دوای کوژرانی ئەو سەرکردانەش ئەمریکا و ئێران هەڕەشە لەیەکتری دەکەن بە هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکتری.

