رووداو - هەولێر
سوپای پاسداران رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە تۆڵەی تیرۆرکردنی سولەیمانی دەکەنەوە و دەڵێت "ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە خستە مەترسییەوە".
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، وەڵامی تیرۆرکردنی سولەیمانی کاریگەر و بەهێز دەبێت و رایدەگەیێنێت "چیدیکە ئەم ناوچەیە شوێنێکی ئارام نییە بۆ ئەمریکا".
لەبارەی ئەو بنکە و بارەگایانەی بەنیازن بیکەنە ئامانج سوپای پاسداران دەڵێت، هەر شوێن و ناوچەیەک لەلای ئەمریکییەکان پیرۆز و خۆشەویست بێت دەیکەنە ئامانج.
هاوکات سوپاسالاری ئێران باس لەوە دەکات، قاسم سولەیمانی رێگەی نەداوە ئەمریکا لە ناوچەکە پەرە بە تواناکانی بدات و گەمارۆی ئیسرائیلی دابوو، رایشیگەیاند "لە هەر شوێنێکەوە پەلاماری ئێران بدرێت دەیکەین بە دۆزەخ".
ئەمڕۆ سێشەممە 7-1-2020 لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێران تاوتوێی وەڵامدانەوەی ئەمریکا دەکرێت و 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ سوپای قودس تەرخانکراوە.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس لە بەرەبەیانی رۆژی 3-1-2020 گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتە لووتکە، بەشێوەیەک کە راستەوخۆ هێرشی زارەکی دەکەنە سەر یەکتری و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکتری دەکەن.

