رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئێران داوا دەکەن یاسای باڵاپۆشی لەو وڵاتە جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 209 پەرلەمانتار نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد و داوایان کرد یاسای باڵاپۆشی بخاتە واری جێبەجێکردن.
لە نامەی پەرلەمانتارەکاندا هاتووە، بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاساکە رەخنەی زۆر ئاراستەی حکومەت دەکرێت، پێویستە سەرۆکی پەرلەمان بە زووترین کات جێبەجێکردنی یاساکە رابگەیێنێت.
پرۆژەیاسای باڵاپۆشی دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە ئامادە کرا، دواتر حکومەتی ئێران چەند بڕگەیەکی بۆ پڕۆژەیاساکە زیادکرد و ناردی بۆ پەرلەمان، لە پەرلەمانیش چەندین مادە و بڕگەی دیکەی بۆ زیادکرا و لە ئەیلوولی 2023 پەسند کرا.
پڕۆژەیاساکە دواتر لە 19ـی تشرینی یەکەم 2024 لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند کرا.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەید مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران دوای ناڕەزایەتی و کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر یاسای باڵاپۆشی و پاکداوێنی رایگەیاند، حکومەت هەوڵ دەدات گۆڕانکاری لە یاسای باڵاپۆشی و پاکداوێنی دا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاو دەنێت بەرەو هەموارکردنەوەی یاساکە.
بڕیارە یاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێت.
بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبن، سزای زیندانیکردن، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی هەژمار بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ