رووداو دیجیتاڵ
بەمڕۆوە، پێنج رۆژە ئاگر دارستانەکانی گوندەکانی گوهەرزێ و بەلاڤە لە ناحیەی دێرەلووک دەسووتێنێت، بەڵام بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان، هاونیشتمانییان ناتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە.
بەهۆی مەترسیی دووبارەبوونەوەی ئاگر، موختاری گوندەکان داوای ئامێری کوژاندنەوەی ئاگر دەکەن، لەکاتێکیشدا موختاری یەکێک لە گوندەکان رۆژی چوارشەممە قسەی بۆ رووداو دەکرد، دووبارە دەوروبەری گوندەکەی تۆپباران کرا.
ئەحمەد سەعدوڵڵا، موختاری گوندی گوهەرزێ بە رووداوی گوت "پێویستمان بە هەندێک پێداویستیی ئاگرکوژاندنەوەیە، وەک ماتۆڕ، مەکینەی ئاو و جلوبەرگی ئاگرکوژێنەوە. من، چوومە نزیک ئاگرەکە، بەڵام هەناسەم ئەوەندە تەنگ بوو، گوتم 'دەخنکێم' سەیرکە ئێستاش تۆپێک بە چیاکە کەوت و ئەگەری هەیە ئاگر بەربێتە ئەوێش."
بەگوتەی خەڵکی گوندەکە، زیاتر لە 10 هەزار دار لە ماوەی مانگێکدا سووتاون، کە بەشێکیان بەرداربوون و پێش ئەوەی بەرهەمەکەیان پێبگات، سووتاون.
ئەو ئاگرەی پێنج رۆژە لە دەوروبەری گوهەرزێ بەردەوامە، چوارەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە لەماوەی مانگێکدا دەوروبەری گوندەکە دەسووتێنێت.
هاونیشتمانییەکیش بەناوی محەممەد مستەفا، دەڵێ "ئاگر بەربووە گوندە کۆنەکەمان، هەتاوەکو رۆژهەڵاتی هەمووی سووتا، ئێستاش ئاگرەکە بەردەوامە و ناتوانین بچین بیکوژێنینەوە."
زۆربەی دەوروبەری گوندەکانی گوهەرزێ، بەلاڤە، بەرچی و سەرگەلی سووتاون، کە پاوان و شوێنی لەوەڕاندنی مەڕو ماڵات بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ