رووداو دیجیتاڵ
هەوڵێک هەیە یەکێک لە بەنزینخانەکانی کەرکووک تایبەت بکرێت بە ژنان. ئامانجەکەش هاوکاریکردنی ژنان و رێگەگرتنە لە هەر کێشەیەک لە بەنزینخانەکانی دیکەدا رووبدات.
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، نووسراوێکی لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە ئاراستەی لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کردووە. لە نووسراوەکەدا هاتووە کە گرنگە بەنزینخانەی ئەندەلووس لە گەڕەکی تەپە بکرێتە وێستگەیەکی تایبەت بە ژنان.
لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، رۆژی یەکشەممە (20ی ئەیلوولی 2026) بە رووداوی راگەیاند: "نووسراوەکەمان بەدەست گەیشتووە و ئاراستەی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقمان کردووە، چونکە بڕیاردان لەم بابەتە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و دەبێت لە بەغداوە رەزامەندی لەسەر بدرێ."
سەعید ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی تەپە پێی وایە ئەگەر ئەو بەنزینخانەیە تایبەت بکرێ بە ژنان، هەندێ کێشە چارەسەر دەبن.
ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت: "بێزار بووین، چونکە بەشێک لە شۆفێرەکان لە کاتی نۆرەی وەرگرتنی بەنزیندا رەفتاری نەشیاو دەکەن و تەنانەت مەی دەخۆنەوە، ئەوەش دۆخێکی ناخۆشی دروستکردووە."
72 بەنزینخانەی حکومی و بازرگانی لە پارێزگای کەرکووک هەن.
بەنزینخانەی ئەندەلوس لە گەڕەکی تەپە تاکە بەنزیخانەی حکومییە و سێ گەڕەک (رەحیماوا، سەرچنار و تەپە) سوودی لێوەردەگرن.


.jpg&w=3840&q=75)