رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاند، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بە هێرشی سەربازی لەنێوناچێت، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی پیشەسازی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بچێتە قۆناخێکی نوێوە.
یەدوڵڵا جەوانی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە نووسێنێکدا بە ناونیشانی "دژە هێرش و لێکەوتەکانی؛ چاوخشاندنێک بە هەڕەشەکانی دووژمنان دژی ئێران و ئەنجامەکانی"، کە لە ئاژانسی فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەکات.
یەدوڵڵا جەوانی دەڵێت، دڵنیا نین ئەو هەڕەشانە جێبەجێ دەکرێن یان نا، بەڵام لانیکەم وەک ئەگەر دەمێننەوە و لە بەرامبەر ئەو ئەگەرەدا سێ خاڵی گرنگ هەن کە پێویستە هەموو لایەک ئەو خاڵانە لەبەرچاو بگرن.
یەدوڵڵا جەوانی سەبارەت بە خاڵی یەکەم دەڵێت، "ئەمریکییەکان و زایۆنییەکان چەندین جار رایانگەیاندووە کە ئامانجی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران، لەنێوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دووژمنان ناتوانن بە کردەی سەربازی و هێرشی سەربازی، زانست و تەکنەلۆجیای ئەتۆمی ئێران کە بووەتە تەکنەلۆجیایەکی نێوخۆیی، لەنێوببەن".
یەدوڵڵا جەوانی دەڵێت، بەڵگە بۆ ئەم قسە زۆرن و قسەکانی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە کاتی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 بەبیردەهێنێتەوە کە گوتی، شەڕ دژی ئێران لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە و بە شەڕ پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران لەنێوناچێت.
ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران باسی خاڵی دووەم دەکات و دەڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە، دەستپێشخەری هیچ شەڕێک ناکات، بەڵام لە بەرگریکردن لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندی نیشتمانیی ئێران زۆر جیدی بووە و لە 46 ساڵی رابردوودا ئەوەی سەلماندووە.
جەوانی ئاماژە بە گوتاری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی نوێژی جەژنی رەمەزاندا دەکات کە گوتی، ئەگەرێکی لاوازە ئەمریکا هەڕەشەکانی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئێران جێبەجێ بکات و دەڵێت، رێبەر بە روونی رایگەیاند: "ئەگەر شەڕەنگێزییەک رووبدات، بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر گورزەکەی ئەوان، گورزێکی تووندمان دەبێت."
یەدوڵڵا جەوانی جەخت لەوە دەکاتەوە، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بە هێرشی سەربازی لەنێوناچێت، بەڵکو هێرشەکە دەبێتە هۆی ئەوەی پیشەسازی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بچێتە قۆناخێکی نوێ و دەڵێت: "ئەو کردەوەیەی دووژمن، پیشەسازی ئەتۆمی ئێران دەباتە قۆناخێکی نوێ و پاشان دەبێت پێناسەیەکی نوێ بۆ ئێران و میحوەری مقاومە لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بکرێت."
بەرپرسەکەی سوپای پاسداران ئاماژە بە خاڵی سێیەم دەکات و دەڵێت، کۆماری ئیسلامی چەندین جار رایگەیاندووە کە چەکی ئەتۆم لە سیاسەتی بەرگریی ئێراندا هیچ شوێنێکی نییە.
یەدوڵڵا جەوانی ئاماژە بە فەتوای رێبەری کۆماری ئیسلامی لەبارەی حەرامکردنی دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ دەکات و دەڵێت: "لەسەر بنەمای ئەم فەتوایە، ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەداوە و ئامانجی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی وەک بەکارهێنانی ئەم پیشەسازییە لە هەموو بوارەکانی ئارام و مەدەنیدا پێناسە کردووە و بە هێزەوە بەدواداچوونی بۆ دەکات."
بەگوێرەی یەدووڵڵا، "لەم نێوەندەدا خاڵێکی گرنگ و سەرەکی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی رایانگەیاندووە کە ئەگەر هەڕەشەکان دژی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە جێبەجێ بکرێن، ئێران بە سیاسەتە بەرگرییەکانی و سروشتی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی خۆیدا دەچێتەوە. مانای ئەم پێداچوونەوەیە زۆر روونە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ