رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەتیکردەوە ئەوان لە پشت هێرشەکەی ئەمڕۆی شاری کرمانی ئێرانەوە بووبن، هەروەها دەڵێت ئیسرائیلی هاوپەیمانیشی رۆڵی لەو هێرشانەدا نەبووە. هۆشداریش دەدات لە فراوانبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2024، ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە هێرشەکەی شاری کرمان لە رۆژهەڵاتی ئێران، لە کاتی بەڕێوەچوونی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، کە دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن "هێرشێکی تیرۆرستی بووە"، رایگەیاند "ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک بەشدار نەبووە و هەر ئاماژەیەکیش بە پێچەوانەی ئەوەوە، بێمانایە."
پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، لە ئەنجامی تەقینەوەکانی شاری کرمان لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، لانیکەم 103 کەس کوژران و 211ـی دیکەش برینداربوون.
ماتیو میللەر هەروەها رەتیکردەوە ئیسرائیلیش لە پشت هێرشەکەوە بووبێت و گوتی "هیچ هۆکارێکیش نییە کە ئیسرائیل دەستی لەو تەقینەوەیەدا هەبووبێت". بەرپرسەکە سەرەخۆشی وڵاتەکەی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی تەقینەوەکەی کرمان کرد، بەڵام ئامادەنەبوو قسە لەسەر ئەوە بکات کێ لە پشت هێرشەکەی ئێرانەوە بووە.
ئەو هێرشەی نێوخۆی ئێران تەنیا رۆژێک لە دوای هێرشە درۆنیەکەی باشووری شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان دێت، کە ژمارەیەک بەرپرس و ئەندامانی باڵای بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج لەنێویان ساڵح عارووری.
سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشەدا رانەگەیاندووە، بەڵام لوبنان و حیزبوڵڵا و حەماسیش، ئیسرائیلیان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد کە بووە هۆی کوشتنی حەوت کەس و برینداربوونی 11 کەسی دیکە.
لەبارەی هێرشەکەی بەیرووت، ئەگەری فراوانبوونی بەرەکانی جەنگی غەززە لە ناوچەکە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی "ئەوە لە بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێک و وڵاتێکی ناوچەکە نییە، کە ئەو ناکۆکییە فراوانتر بێت."
سەبارەت بە ساڵح عارووری، میللەر دەڵێت "ئەو تیرۆرستێکی دڕەندە بوو، کە دەستی بە خوێنی خەڵکی سڤیل سوور بوو."
ئێران بە پاڵپشتیکاری بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی دادەنرێت و لە 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، چەکدارەکانیان هێرشێکی فراوانیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و 240 کەسی دیکەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینییەوە بەبارمتە گیران.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەش، ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەگوێرەی ئاماری بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 22 هەزار و 300 فەلەستینی کوژراون کە ٪70ـیان ئافرەت و منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ