رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێش ئەنجامدانی هێرشە مووشەکییەکە بۆ سەر ئیسرائیل، هیچ پەیامێکیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاڵوگۆڕ نەکردبوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دوای هێرشەکە هۆشدارییان بە ئەمریکا داوە دەستوەردان نەکات.
رۆژی چوارشەممە 02-10-2024 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ئەمریکایان لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئاگادار نەکردبوویەوە و گوتی، بەر لە هێرشەکە "هیچ پەیامێکمان لەگەڵ ئەمریکا ئاڵوگۆڕ نەکردبوو."
عێراقچی هەروەها دەڵێت، دوای هێرشەکە بۆ سەر ئیسرائیل، "هۆشداریمان دایە ئەمریکا لە بابەتەکە بکشێتەوە و دەستوەردان نەکات، ئەگەرنا وەڵامێکی تووند دەدەینەوە."
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکا نەبووە و پەیامەکەیان لە رێگەی باڵیۆزخانەی سویسراوە لە تاران بە ئەمریکا گەیاندووە.
رۆژی سێشەممە، کاژێر 19:30 بە کاتی هەولێر، ئێران هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر ئیسرائیل.
دوای هێرشەکە ئێران رایگەیاند، بە زیاتر لە 200 مووشەک هێرشەکەی کردووە و 3 بنکەی سەربازی لە نزیک تەلئەڤیڤ بەئامانج گرتووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 90٪ی مووشەکەکان ئامانجەکەیان پێکاوە.
ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکەکان نزیکەی 180 دانەبوون و زۆربەیان خرانە خوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ