رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئێران رایدەگەیێنێت، لە جێگیرکردنی سێ ئامراز لە بۆشایی ئاسماندا سەرکەوتوو نەبوون، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو مووشەکەی پێی هاویشتوویانە نەگەیشتووەتە خێرایی پێویست.
بەپێی راپۆرتی رۆیتەرز، ئەحمەد حوسێنی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران گوتوویەتی، "بۆ ئەوەی مووشەکی هەڵگری ئامرازەکان بگاتە بۆشایی ئاسمان، دەبێت خێراییەکەی بگاتە سەرووی حەوت هەزار و 600 مەتر لە چرکەیەکدا، مووشەکەکەی ئێمە گەیشتە حەوت هەزار و 350 مەتر بۆیە جارێکی دیکەش سەرکەوتوو نەبووین."
هەڵدانی مووشەکی هەڵگری مانگی دەستکرد لە لایەن ئێرانەوە کە هاوکات لەگەڵ دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی بەڕێوەدەچێت، رووبەڕووی رەخنەی وڵاتانی ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بووەوە.
ئەو وڵاتانە ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە هەڵدانی ئەو مووشەکە بڕیار نامەی دوو هەزار و 231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل کردووە.
ئێران چەندین جاری دیکەش هەوڵیداوە مانگی دەستکرد لە بۆشایی ئاسماندا جێگیر بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. یەکەمجار ساڵی 2009 مانگی دەستکردی ئومێدی تاقی کردەوە، دووەم جار ساڵی 2011 مانگی دەستکردی رەسەدی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد.
ئێران ساڵی 2012 رایگەیاند، بۆ سێیەمین جار سەرکەوتوو بووە مانگی دەستکردی نەڤید لە بۆشایی ئاسماندا جێگری بکات. لە مانگی نیسانی ساڵی 2020 گوتی، "دوای چەندین جار شکست، بۆ یەکەمجار توانیویەتی مانگی دەستکردی سەربازیی لە بۆشایی ئاسماندا جێگیر بکات."
ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمانیی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسەکانی. ئەمریکا دەڵێت، رەنگە ئێران لە داهاتوودا ئەو مووشەکانە کە بۆ بۆشایی ئاسمان بەکاریان دێنێت لە بواری هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیدا بەکاریانبهێنێت.
ئێران رەتیدەکاتەوە ئەو مووشەکانە بۆ گواستنەوەی کڵاوی ئەتۆمی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ