رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دژایەتیی خۆی بۆ جەنگ لەگەڵ ئەمریکا دەردەبڕێ و دەڵێت: ''کاتێک بە دانوستاندن دەتوانین مافەکانمان وەربگرین، بۆچی بچینە نێو جەنگەوە''؛ هەڕەشەش لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەڵێ: ''لە هەر شوێنێکەوە هێرشمان بکرێتە سەر، هێرش دەکەینەوە سەر هەمان شوێن."
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی کە بەشێکی شەوی هەینی 07-08-2026 بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بە دەنگۆی پێشکێشکردنی دەستلەکارکێشانەوەی کرد و رایگەیاند: "هیچ کاتێک دەستم لەکارنەکێشاوەتەوە. ئەگەر دەست لەکاربکێشمەوە، ئەوە خۆم بە فەرمی رایدەگەیێنم."
مەسعود پزیشکیان سەبارەت بە ''لەمپەرەکان''ـی بەردەم راپەڕاندنی بەرپرسیارێتییەکەی وەک سەرۆککۆمار، بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی دروستکردنی ئاڵنگارییەکان گوتی: "خۆڕاگر دەبم و ئاستەنگ دروستکردن و پێشێلکارییەکان بۆ خەڵک باس دەکەم."
ئەو قسانەی پزیشکیان دوای لێدوانەکانی محەممەدباقر خەرازی دێت کە یەکێکە لە کەسایەتییە ئایینییە نزیکەکان لە بنەماڵەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و کاردانەوە و دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە میدیاکانی ئێران و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.
خەرازی گوتی، دوای چەندین جار پێشکێشکردنی دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیان، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر جارێکی دیکە دەستلەکاربکێشێتەوە، دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسند دەکەین."
''رێبەر، حکومەت و هێزە چەکدارەکان هاوڕان''
سەرۆککۆماری ئێران دڵنیایی دەدات کە هیچ ناکۆکییەک لەنێوان حکومەت، رێبەر و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی نییە و ''سەرجەم لایەنەکان رێککەوتننامەی ئیسلامئابادیان قبووڵ کردووە.''
4ـی نیسان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران لە شاری ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، دەستیان بە گفتوگۆیەکی راستەوخۆ کرد. ئەمە بە گرنگترین و باڵاترین ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێ لە شۆڕشی 1979ی ئێرانەوە، کە ئامانجی سەرەکی، کۆتاییهێنان بوو بەو جەنگە.
پزیشکیان بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ کەسێک گوتی، 12 ئەندام لە کۆی 13 ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی بەرگرییان لە دەقی رێککەوتنی ئیسلامئاباد کرد و دەنگیان پێدا.
سەرۆککۆماری ئێران سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمریکییەکان دەیانویست لە دانوستاندنەکاندا هەموو توانای سەربازیمان لێ وەربگرنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین بمێنینەوە، دەبێ بزانین کەی جەنگ بکەین و کەی ئاشتی رابگەیێنین."
''هێرش دەکەینە سەر هەر وڵاتێک کە لێیەوە هێرشمان بکرێتە سەر''
تاران بەردەوام وڵاتانی ناوچەکە بەوە تۆمەتبار دەکات کە دژی ئێران هاوکاریی ئەمریکا دەکەن، مەسعود پزیشکیان هەڕەشە لە وڵاتانی کەنداو دەکات و دەڵێت: ''لە هەر وڵاتێکەوە هێرشمان بکرێتە سەر، هێرش دەکەینە سەر هەمان شوێن."
سەرەڕای بەئامانجگرتنی بەردەوامی کۆمەڵێک شوێن لە وڵاتانی ناوچەکە لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە، سەرۆککۆماری ئێران گوتی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دراوسێکان باشتر بووە، ''بەڵام لەنێوخۆی وڵاتدا بەهۆی جیاوازیی بۆچوونەکانەوە لەم بوارەدا ئاڵنگاری هەیە.''
''بەردەوامیی جەنگ ویستی ئیسرائیلە''
لە نێوخۆی ئێران دوو ئاراستەی جیاواز دەبینرێن. نەریتخوازەکان داوای بەردەوامیدان بە جەنگ دەکەن و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بە ''بێسوود'' دەزانن، لە بەرامبەردا ئاراستەیەکی دیکە هەیە، سەرەڕای ئەوەی جەنگ رەتناکەنەوە، دانوستاندن بە پێویست دەزانن. پزیشکیان لەوبارەوە دەڵێت: ''کاتێک دەتوانین مافەکانمان لە رێگەی دانوستاندن مسۆگەر بکەین، بۆچی بچینە نێو جەنگەوە. بە گفتوگۆ توانیمان جەنگی لوبنان رابگرین، گەمارۆکان هەڵبگرین و بەشێک لە سزاکان لابدەین.''
سەرۆککۆماری ئێران گوتی، هەندێک لە لایەنەکان لە نێوخۆی وڵاتەکەی داوای بەردەوامیدان بە جەنگ دەکەن و گوتی: ''ئەوە هەمان ویستی ئیسرائیلە، بۆ ئەوەی ئێمە ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات. ئێمە دەستبەردای مافەکانمان نابین، بەڵام کاتێک دەتوانین بە دانوستاندن مسۆگەریان بکەین، بۆچی بچینە سەر ئەو رێڕەوەی ئیسرائیل دەیەوێت؟''
''داوام لە قالیباف کرد سەرپەرشتیی دانوستاندنەکان بکات''
لە بەشێکی قسەکانیدا مەسعود پزیشکیان باس لە بابەتی دانوستاندنەکان دەکات و دەڵێت: ''خۆم داوام لە محەممەباقر قالیباف کرد، سەرپەرشتیی تیمی دانوستاندن بکات و ئەویش داواکەی قبووڵ کردم.''
هاوکات سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە ''هەوڵە بێ وچانەکان''ـی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە کرد، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتن و گوتی: ''سەرەڕای بێ رێزییەکی زۆر کە بەرامبەری کرا، هەوڵەکانی شەو و رۆژ بەردەوامن.''
قسەکانی مەسعود پزیشکیان لەکاتێکدان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکى ناجێگیردایە بەهۆى جەنگى ئێران و ئەمریکاوە کە لەنێوان رێککەوتن و دەستپێکردنەوەى جەنگێکی گشتگیردایە.


.webp&w=3840&q=75)