رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک دەڵێت، شاندێکی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی قۆناخی راگوزەری سووریا کۆبووەتەوە. بەسام ئیسحاق، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن دەڵێت، باسی بابەتی سەربازی کراوە.
رۆژی سێشەممە بەرپرسێک کە ناوی ئاشکرا نەکراوە و ئاماژە بەوەش نەکراوە سەر بە چ لایەنێکی نێو سووریایە، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند: "رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات و جۆلانی [ئەحمەد شەرع] لە دیمەشق کراوە."
کۆبوونەوەکە بە یەکەمین کۆبوونەوەی هەسەدە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا دادەنرێت.
بەرپرسەکە کۆبوونەوەکەی بە "ئەرێنی" ناوبردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە: "کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی بوو و بۆ ئەوە بوو کە بناخەی کۆبوونەوەی زیاتر دابندرێت."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "هەردوو لایەنەکە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن بۆ ئەوەی بگەن بە لێکتێگەیشتنی داهاتوو."
هاوکات سەرچاوەیەک لەنێو یەکێک لە هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رۆژی سێشەممە هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاستکردەوە.
بەسام ئیسحاق، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)ش لە واشنتن بە رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەکەدا باسی بابەتی سەربازی کراوە.
هەسەدە بریتییە لە هێزی سەربازیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە بەشێکی زۆری رۆژئاوای کوردستان و هەندێک ناوچەی زۆرینە عەرەبنشینی وەک رەققە و دێرەزووری لەژێر دەسەڵاتدایە.
مەسەدەش نوێنەرایەتی سیاسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات.
هەسەدە خاوەنی هێزێکی کاریگەریی سەربازییە و نزیکەی 35%ی خاکی سووریای لەژێر کۆنترۆڵدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ