رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد و محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی دۆخی سووریا قسەیان کرد.
ئەمشەو (شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024) سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان کرد.
سەرۆکایەتی سووریا رایگەیاند، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا "گفتوگۆیان لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکان و هاوئاهەنگیی هەردوو وڵات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و کێشەی وڵاتانی عەرەب و نێودەوڵەتی کردەوە."
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی سەرۆکایەتی سووریا، سوودانی "ئامادەیی عێراقی بۆ دابینکردنی هەموو پاڵپشتییەکی پێویست بۆ سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پیشاندا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەگوێرەی راگەیێندراوەکە "جەختی لەوە کردەوە؛ وڵاتەکەی پابەندە بە سەقامگیری، سەروەری و یەکگرتوویی سووریا."
ئەمە لەکاتێکدایە قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا بەتەواوەتی داخراون و ئەو بڕیارە بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، لەدوای فراوانبوونی گرژییەکانی سووریا.
لە رۆژی چوارشەممەوە دۆخی سووریا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر رۆیشتووە. دەستەی تەحریری شام دەڵێت، تەواوی پارێزگای حەمایان کۆنترۆڵکردووە و لەپێشڕەویدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ