وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: لە باشووری سووریا دەمێنینەوە

29-01-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییانی باکووری ئیسرائیل و دانیشتووانی بەرزاییەکانی گۆلان، هێزەکانیان تاوەکو کاتێکی نادیار لە باشووری سووریا دەهێڵنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی لەگەڵ "خەڵکە دۆستەکانیان" لەو ناوچانە دەکەن.
 
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە چیای شێخ لە باشووری سووریا کرد.
 
وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتی: "سوپای ئیسرائیل لە چیای هەرمن (شێخ) و ناوچەی لە چەک داماڵدراو تاوەکو کاتێکی نادیار دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیایی لە ئاسایشیی کۆمەڵگەکانی بەرزاییەکانی گۆلان، باکوور و دانیشتووانی هەموو ئیسرائیل بدەین"؛ گوتیشی: "رێگە بە هێزە دووژمنەکانمان نادەین لە ناوچەی ئەمنی (ناوچەی لە چەک داماڵدراو) لە باشووری سووریا پێگەیان هەبێت و دژی هەموو مەترسییەک دەوەستینەوە."
 
8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریری شام بوو دەسەڵاتی ئەسەدیان رووخاند. چەند رۆژێک دواتر، سوپای ئیسرائیل چووە ناوچەی لەچەک داماڵدراوی نێوان وەڵاتەکەیان و سووریا. ئەو کات بەرپرسانی تەلئەڤیڤ رایانگەیاند، ئەو هەنگاوەیان کاتییە و بۆ دڵنیاییدانە لە ئاسایشی وڵاتەکەیان. 
 
کاتز ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی پەیوەندی لەگەڵ "خەڵکە دۆستەکەی" لە باشووری سووریا دروست دەکات؛ جەختی لەوەش کردەوە: "کۆمەڵگەی درووزەکان لەو ناوچانە پەیوەندییەکی مێژوویی و خوێنییان لەگەڵ برا درووزەکانیان لە ئیسرائیل هەیە". 
 
ئیسرائیل لە باشووری سووریا سەرقاڵی چییە؟
 
بە گوێرەی نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، کاتز لەو سەردانەیدا قسەی لەگەڵ بەرپرس و سەربازانی ئیسرائیل لەو ناوچانە کردووە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەی دۆخی ئەمنییەوە کردووە. 
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، سەرقاڵی دروستکردنی بنکەی سەربازی "کاتی"ن لەسەر چیای شێخ. سوپاکە دەڵێت، تەکنەلۆژیای پێویست، ئامێر و پێویستییەکانیان بۆ مانەوەی سەربازانیان لەو کەشە ساردەی ناوچەکەدا گواستووەتەوە. 
 
سوپای ئیسرائیل نەخۆشخانەیەکی سەربازیش لەو ناوچەیە دروست دەکات بە هەموو پێویستییەکانیانەوە، ئەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات سەربازە بریندار و نەخۆشەکانی لەو ناوچانە چارەسەر بکات.
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، حکومەتێکی کاتی لە دیمەشق پێکهات و بەرپرسانی حکومەتەکەش دڵنیاییاندا کە چی دیکە وڵاتەکەیان مەترسی نابێت بۆ سەر ئیسرائیل.
 
ئەو کات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا راستبکەنەوە، هۆشداریشی بە بەرپرسانی دیمەشقدا کە نابێت وڵاتەکە ببێتەوە مەیدانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، قەبارەی ئاڵوگۆڕی ساڵانەی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە، کە 60٪ـی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی وڵاتانی دراوسێی.