رووداو دیجیتاڵ
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات کرد و، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر ئیمارات و چەند وڵاتێکی عەرەبی کرد.
ئەمڕۆ شەممە، محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسرەوە پێگەیشت. لەو پەیوەندییەدا، سیسی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئێرانییانەی کرد کە ئیمارات و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی عەرەبییان کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی میسر، هەردوو سەرۆک گفتوگۆیان لەبارەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە کرد و جەختیان لە مەترسییەکانی فراوانبوونی رادەی ململانێکان کردەوە.
سیسی و بن زاید هاوڕابوون کە ئەم ئاڵۆزییانە رەنگدانەوەی مەترسیداریان لەسەر ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، باس لە پێویستیی گرتنەبەری رێکاری گونجاو کرا بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی زیاتری دۆخی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی، کە بە گوتەی ئەوان "هێڵی سوورە" و نابێت دەستوەردانی تێدا بکرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
