هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر رەفەح دەکەن

27-05-2024
محەممەد عزەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکانی دەم پارتی، دوای بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح، داوای ئاگربەستێکی بەپەلە دەکەن و داواش لە ئاکپارتی دەکەن، پەیوەندییە سەربازی و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ببڕێت.
 
هاتیمئۆغڵوڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەین بۆ سەر کامپی ئەو ئاوارە فەڵەستینیانەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززەوە ئاوارەی رەفەح بوونە. وەک چۆن کۆتایی نەهاتنی ئەو هێرشانە، دەرخەری ئەوەیە حکومەتی ئیسرائیل لە کۆمەڵکوژیدا هیچ سنوورێک ناناسێت. فراوانبوونی هێرشەکانیش تاوەکو رەفەح، بۆ هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەگەڕێتەوە بە رێگەدان بەو کۆمەڵکوژییە. بۆ وەستانی ئەو جەنگەش، دەبێت وڵاتان واز لە هەڵوێستی نمایشکارانەیان بێنن".
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل رووی دەمی لە ئاکپارتی کرد: "لەبەر چاوی هەموو جیهانەوە کۆمەڵکوژی دژی گەلی بەشخوراوی فەلەستین دەکرێت. وڵاتانی جیهانیش بە چاوپۆشیکردن لەو کۆمەڵکوژییە، دەبنە هاوبەشی ئیسرائیل لەو کۆمەڵکووژییە. بۆیە لێرەوە داوا لە ئاکپارتی دەکەین، سەرجەم پەیوندییە بازرگانی و سەربازییەکانت لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنە".
 
شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە دەستپێکرد و تەندروستیی غەززە باس لە کوژرانی 40 کەس لە ئاوارەکان دەکات. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، پێگەی بزووتنەوەی حەماسیان کردووەتە ئامانج. 
 
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی حکومی لە غەززە، ئیسرائیل ناوەندێکی ئاوارەکانی لە نزیک رەفەح کردووەتە ئامانج. 
 
میدیای فەلەستین دەڵێت، ئیسرائیل بە "حەوت مووشەک" هێرشی کردووەتە سەر رۆژئاوای رەفەح و بەهۆیەوە لانیکەم 40 کەس کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون. حەماسیش داوای کردنەوەی دەروازەی رەفەح بەڕووی بریندارەکاندا دەکات.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە