لە نزیک یەمەن دەست بەسەر کەشتییەکی نەوتیی 'ملیاردێرێکی ئیسرائیلی'دا گیرا

26-11-2023
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەشتییەکی نەوتی ئیسرائیلی لە نزیک بەندەری عەدەن دەستی بەسەردا گیرا و تاوەکو ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو کارە رانەگەیاندووە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2023، کۆمپانیای زۆدیاک بڵاویکردەوە، لە کەنداوی عەدەن کەشتی سێنتراڵ پارک کە لەلایەن کۆمپانیای کلومڤزی بەریتانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، دەستی بەسەردا گیرا. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
 
کۆمپانیای زۆدیاک ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان سەلامەتیی 22 کارمەندی کەشتییەکەیە. هەروەها دەشڵێت، "کاپتنی کەشتییەکە کەسێکی تورک بووە و تیمێکی نێودەوڵەتی کە رووسی، ڤێتنامی، بولگاری، هیندی، جۆرجی و فیلیپینی بوون کەشتییەکەیان بەڕێوە بردووە و کەشتییەکە ترشی فۆسفۆریکی دەگواستەوە".
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیای زۆدیاک، کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیای کلومڤزی بەریتانییەوە خاوەنداریەتی دەکرێت. بە گوێرەی میدیای بەریتانیش، کەشتییەکە پەیوەندی بە خاوەنی کۆمپانیای زۆدیاکەوە هەیە کە ناوی ئیال عۆفێرە و ملیارێرێکی ئیسرائیلیە. 
 
هاوکات، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند: "ژمارەیەک چەکداری نەناسراو دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە و ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن." 
 
لای خۆیەوە، کۆمپانیای ئەمبێری کە کۆمپانیایەکی چاودێری کەشتیوانییە بڵاویکردەوە، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و داوایان لە کەشتییەکانی دیکە کردووە ناوچەکە چۆڵ بکەن. 
 
دەستبەسەر داگرتنی ئەو کەشتییە ئیسرائیلیە لەکاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، "دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئیسرائیلییەکەی دەریای سوور پشتڕاستدەکەینەوە. کەشتییەکە و ستافەکەیمان بەرەو کەناراوەکانی یەمەن بردوون." لەبارەی چارەنووسی بارمتەکانەوە گوتی، "بەگوێرەی بنەماکانی ئایینی ئیسلام مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین."
 
چەند کاژێرێک پێش ئەو راگەیێندراوە، میدیای ئیسرائیل لە زاری حکومەتی ئەو وڵاتەوە رایگەیاند، "حووسییەکانی یەمەن کەشتییەکیان بە 25 سەرنشینەوە لە دەریای سوور رفاندووە. حووسییەکان دەڵێن کەشتییەکە ئیسرائیلییە، بەڵام هیچ هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی لەسەر کەشتییە نییە."
 
رۆژی 25ی ئەم مانگەش، کەشتییەکی بارهەڵگر کە لەلایەن کۆمپانیایەکی سەر بە ئیسرائیلەوە بەڕێوە دەبرێت، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کە گوماندەکرا ئێرانی بێت لە زەریای هیندی لێیدرا، کەشتییەکە زیانێکی مادیی کەمی پێگەیشت و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
 
حووسییەکان کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی بەرهەڵستکار"ـی دژی ئیسرائیل دادەنێن.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.