رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی بەگەرمی لەلایەن سەرۆکی ئیماراتەوە پێشوازیی لێکرا. میدیای ئیمارات بە بایەخەوە پەسنی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکەی کرد.
لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید ئال نەهیان لە ئەبوزەبی چەند پرسێک تاوتوێ کران.
'خۆشحاڵ بووم بە دووبارە بینینەوەی هاوڕێم'
دوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس پۆستێکی کرد، تێیدا جگە لەوەی خۆشحاڵیی خۆی بە بینینەوەی محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات دەربڕیوە، نووسیویەتی، لە کۆبوونەوەیاندا "تاوتوێی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیمارات کرد، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکە. هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئیمارات بەرز دەنرخێنێت."
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانە
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە ئاستێکی بەرزدایە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان چالاکانە سەردانی فەرمی بۆ ئەو وڵاتە دەکات.
دڵشاد شەهاب باس لەوەش دەکات، "پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیماراتدا هەیە.. سەردانەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانە".
کۆبوونەوەیەکی دۆستانە
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکەی بە "دۆستانە" ناوبردووە و لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش ئاماژەی بەوە کردووە، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید پهيوهندييهكانى ئيمارات لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ههرێمى كوردستان و پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدايان تاوتوێ كرد، ههروهها دهربارهى دوايين پێشهاتهكانى ناوچهكه، بيروڕايان گۆڕييهوه.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ههردوولا جهختيان له برهودان به پهيوهندييهكان له بوارى ئابوورى و بازرگانى و هاريكاريى وزهدا كردهوه، ههروهها باسيان له دهرفهت و بوارهكانى وهبهرهێنان و سهرمايهگوزاريى ئيماراتى له عێراق و ههرێمى كوردستان كرد، بهتايبهتى له پرۆژهكانى ژێرخان و پهرهپێداندا.
پهيوهندييهكانى ههولێر و بهغدا لهگهڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچهكه، گۆڕانى کەشوهەوا و لێكهوتهكانى، ههروهها چهند پرسێكى جێى بايهخى ههردوولا، لايهنێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.
دیدارەکە لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەبوزەبی بە رووداوی گوت، "لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید هاوبۆچوونن لەبارەی گرفتەکانی ناوچەکەوە.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ وڵاتان و بەرپرسانی ناوچەکە هەیە و لەگەڵ محەممەد بن زاید "لە زۆربەی پرسە هەستیارەکان هاوڕان."
نێچیرڤان بارزانی 'بانگهێشتی ئال نەهیانی کردووە بۆ هەولێر'
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەبوزەبی کەوتووە، نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی محەممەد بن زاید ئال نەهیانی کردووە بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان.
میدیای فەرمیی ئیمارات رۆژی هەینی رایگەیاند، سەرۆکی ئەو وڵاتە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا "باسیان لە رەهەندی جیاجیای پەیوەندییەکان"ی نێوان هردوو لا و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنیان کردووە بۆ ئەوەی بە جۆرێک بن کە "لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست دا بن."
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات لەو بارەیەوە دەڵێت: "سەرۆکی وڵات پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد و پێکەوە باسیان لە رەهەندی جیاجیای پەیوەندییەکان و چۆنیەتیی گەشەپێدان و فراوانکردنی ئاسۆیەکانی پێکەوەکارکردن کرد، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست دا بن."
ئەو وڵاتە دەوڵەمەندەی کەنداو، لە دوای تورکیا و ئێرانەوە، سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە. بە گوتەی کۆنسوڵەکەی لە هەولێر، پار، ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی نێوانیان زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بووە.
سەردانی نێچیرڤان بارزانی قۆناخێکی نوێی هاوئاهەنگییە لەگەڵ ئیمارات
د.محەممەد عەرەب، سەرۆکی ناوەندی عەرەب بۆ روانگە و توێژینەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لە رێگەی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو. ئەو، نێچیرڤان بارزانی بە سیاسەتڤانە کەشخە و هۆشیارەکەی کوردستان ناساند.
سەرۆکی ناوەندی عەرەب بۆ روانگە و توێژینەوە، بە رووداوی گوت: "بۆچوونی تایبەتی خۆمم لەبارەی کاک نێچیرڤان هەیە. سیاسەتڤانێکی کەشخەیە، بە سیاسەتڤانە کەشخەکە ناوی دەهێنم. پشت بە پرۆپاگەندە و هەڵکشاندنی میدیایی نابەستێت. هەمیشە بە ئاراستەی دەستپێشخەریکردن هەنگاو دەنێت و پردی گەیشتنە بۆ هاوئاهەنگیکردن. شێخ محەممەد بن زاید، یەکێکە لە سەکردە ژیر و هۆشیارەکانی کەنداوە و بەردەوام پشتیوانی خۆی بۆ عێراق و کوردستانە."
دەشڵێت: کاک نێچیرڤان بەو هۆشیارییە سیاسییەی هەیەتی و بەو میراسە سیاسییەی لە خێزانە رەسەنەکەی بۆی ماوەتەوە لەگەڵ پشتیوانی گەلی کوردستان و حکومەتی بەڕێز مەسرور بارزانی، پێموایە دەتوانێت لە رێگەی ئەو دیدارە و کرانەوەی لەگەڵ کەسایەتییەکی بەهێزی وەک خاوەن شکۆ شێخ محەممەد بن زاید، دەبێتە سەرەتایەک بۆ قۆناخی هاوئاهەنگی لەنێوان ئیمارات و کوردستان و وڵاتانی کەنداویش.
ئاڵۆگۆڕی ئابووریی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی، لە ساڵی 2007، بە وەبەرهێنانی ئیماراتی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا دەستیپێکرد، کە میرنشینە عەرەبییەکە یەکەمین وڵات بوو لەسەر ئاستی جیهان دەست بە کارکردن لە کێڵگە گازی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکات. ئێستاش کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی، رۆڵی سەرەکیی لە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆری گەورەترین کێڵگەی گازی هەرێمی کوردستان لە چەمچەماڵی پارێزگەی سلێمانیدا دەگێڕێت.
هەروەها مانگی سووری ئیمارات لە دوای هێرشی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر عێراق و سووریا کە شەپۆڵێکی ئاوەرە و پەنابەرانی بەرەو هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، رۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ لێقەوماوان هەبوو.
ئەمە یەکەم سەردانی ئەم ساڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئەو وڵاتە. پار دوو جار لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئالنەهیان و جارێکیش بۆ بەشداریکردن لە پرسەی برای سەرۆکی ئیمارات، سەردانی میرنشینەکەی کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ