رووداو - هەولێر
بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک یاخود لێدوانێک بدرێت، دانوستاندنەکانی جنێف3 ، تایبەت بە سووریا بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بە دوو جۆر ناکۆکی دەکەن، ناکۆكییەک لە نێو بەرەی سوننە خۆیدا کە ئەمریکا پشتگیریان دەکات. ناکۆییەکی دیکەش لەگەڵ رووسیا کە تێبینی لەسەر لیستی بەشداربووانی ئۆپۆزیسیۆنە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، واشنتن و ئەنکەرە لەسەر بەشداریکردنی کورد لە دانوستاندنەکانی جنێڤ ناکۆکن.
یەکێک لە ئەندامانی شاندی کە لەگەڵ جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئەنکەرەی کرد رایگەیاند، کە ناکۆکی سەرەکی نێوان تورکیا ئەمریکا کێشەی کوردە لە سووریادا.
جۆ بایدن، جێگری باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا لە توركیا رایگەیاند "جارێکی دیکە داعش تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر گەلی تورکیا، بەڵکو پەکەکە بەهەمان شێوە هەڕەشەیە ئێمەش ئاگادارین لە هەڕەشەکانی"، بەڵام بایدن ئامادە نەبوو هیچ لێداونێک دەربارەی پەیەدە بدات، چونکە پەیەدە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکایە لە شەڕی دژ بە داعش. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەحمەد داود ئۆغلو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا هاوشێوەی پەكەكە پەیەدەی بە تیرۆرست ناوبرد.
سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، کورد هۆکاری دواخستنی چارەسەری قەیرانی سووریایە، چونکە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەسەر دۆسیەی کوردە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا نایەوێت داعش لەناوببرێت، چونکە ترسی لە بەهێزبوونی کورد هەیە بە تایبەتی لە سووریادا.
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کە کورد لە رۆژئاوا هەزاران چەکداریان هەیە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکان لە شەڕی داعش، بەڵام تورکیا نایەوێت کورد لەوە زیاتر بجووڵێت بەتایبەتی بە ئاراستەی رۆژئاوای فورات، ئەمریکاش لەم هەڵوێستەی تورکیا نیگەرانە، چونکە هیچ هێزێک جگە لە پەیەدە نییە بتوانێت ناوچەکانی رۆژئاوای فورات کۆنترۆڵ بکات، بۆیە بایدن بە تورکەکانی راگەیاندووە، کە ئەمریکا دەیەوێت پەلە پکرێت لە کۆنترۆڵکردنی رۆژئاوای فورات.


