بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق: کۆمەڵێک دۆسیەی پەیوەیست بە هەناردەکردنەوەی نەوت پێویستیان بە رێککەوتنە لەگەڵ تورکیا

23-08-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
کۆبوونەوەکانی هاکان فیدان لە بەغدا
کۆبوونەوەکانی هاکان فیدان لە بەغدا
نیشانەکردن تورکیا هاکان فیدان هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاکان فیدان، ئەو پیاوەی بە سندووقی نهێنی ئەردۆغان ناسراوە، دوو رۆژە لە بەغدایە، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە و نوێنەرانی تورکمان کۆبووەوە، دوای تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی، لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش کۆدەبێتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکانیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیا، پێدانی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بە عێراق کە دادگەی نێودەوڵەتی وەک سزا بە سەر تورکیادا سەپاندوویێتی، تۆمارکردنی سکاڵایەکی دیکەی عێراق لەسەر تورکیا، گلدانەوەی ئاو لەسەر عێراق و پرسی پەکەکە، ئەو دۆسیانە بوون شەنوکەو کران.
 
د. هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ "عێراق بەلایەوە گرنگە هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی هێڵی تورکیا و بۆ بەندەری جیهان دەستپێبکاتەوە. لێرەدا بڕیاری دادگە هەیە، کۆمەڵێک دۆسییە هەن کە پەیوەستن بە دۆسیەی هەناردەی نەوت، ئەمە پێویستی بە گفتوگۆ و رێککەوتن هەیە. ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوە بێگومان بۆ گفتوگۆی ئەو دۆسیەیەشە، هەروەها رێککەوتن بۆ گەیشتنە چارەسەرێک کە لەبەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا بێت، زۆر دڵنیا نیم ئەم مانگە سەرۆک ئەردۆغان بگاتە عێراق، بەڵام مانگی داهاتوو سەردانەکە ئەنجام دەدات، سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و پاشانیش وەزیری ئابووری و بازرگانی تورکیا، ئامادەکارییەکە بۆ سەردانی شاندێکی باڵا بەسەرۆکایەتی سەرۆک ئەردۆغان."
 
بڕیارە کۆتایی مانگی داهاتوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق بکات، هاتنی هاکان فیدان وەک ئامادەکارییەکە بۆ ئەو سەردانە، چاوپۆشیی عێراق لەو سزایەی داراییەی بەسەریدا سەپێندراوە، ناساندنی پەکەکە بە تیرۆرست وەک داوای سەرەکی بە بەرپرسانی باڵای عێراق داوە.
 
خالد یەعقووبی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ "چەندین دۆسییە گەورەی هەڵپەسێردراو لەنێوان عێراق و تورکیادا هەن؛ ئاڵوگۆڕی گەورەی بازرگانی لەنێوان عێراق و تورکیادا هەیە و پێویستە بەرامبەر ئەوە شتی دیکەش هەبن، بۆ نموونە وەک دەبیستن کەمئاوی و وشکەساڵی و بەبیابانبوون، هەروەها دۆسیەی ئەمنی و ئامادەیی ناشەرعیی تورکیا لەسەر خاکی عێراق ئەمانە هەموویان دۆسییەی گرنگ و سەرەکین لەگەڵ تورکیا." 
 
تورکیا و عێراق پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی ئابوورییان هەیە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا بە هەرێمی کوردستانەوە، ساڵانە 22 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە