ئیسرائیل مزگەوتێکی لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بۆردوومانکرد

22-10-2023
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، مزگەوتێکی لە کامپی جەنینی کەرتی رۆژئاوا بۆردوومانکردووە، چونکە "چالاکیی تیرۆریستی" تێدا ئەنجامدراوە.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە 22-10-2023 بڵاویکردەوە، "مزگەوتی ئەنسار لە کامپی جەنین کە ناوەندێکی چالاکیی تیرۆریستی و پلاندانان بوو، لە شاری جەنینی کەرتی رۆژئاوا'' بۆردوومانکرد.
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، چەکدارانی هەردوو گرووپی حەماس و جیهادی ئیسلامی "لەو مزگەوتەدا بوون و چەند چەکدارێکمان لێ کوشتن. ئەوان چەندین کاری تیرۆریستییان لە چەند مانگی رابردوودا ئەنجامداوە؛ هەروەها پیلانیان بۆ چالاکییەکی نوێ دادەنا و ئەو مزگەوتەیان وەک ناوەندێکی فەرمان و جێبەجێکردن بەکاردەهێنا".
 
سوپای ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارانی ئەو بۆردوومانە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین دەڵێت، دوو کەس کوژراون.
 
لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت، مزگەوتەکە رووخاوە و چەند تیمێکی تەندروستی دەچنە شوێنەکە بۆ ئەوەی فریای ئەو کەسانە بکەون کە رەنگە لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا بووبنە قوربانی. 
 
هەر لەبارەی هێرشەکانی سەر کەرتی رۆژئاوا، لە بڵاوکراوەیەکی دیکەی وەزارەتی تەندروستی فەلەستیندا هاتووە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە)، سەربازانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کامپی عەسکەر لە رۆژهەڵاتی شاری نابلوس لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو. لە ‌هێرشەکەدا گەنجێکی فەلەستینی بەناوی مالیک جەمیل شەرقاوی کە تەمەنی 26 ساڵە تەقەی لێکرا و شەهید بوو. هەروەها سەربازانی داگیرکەر 3 هاووڵاتی دیکەیان بریندار کرد و هاووڵاتییەکی دیکەشیان دەستگیرکرد."
 
تائێستا وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بڵاونەکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، لانیکەم 90 هاووڵاتی فەلەستینی لە ئەنجامی گرژییەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی کەرتی رۆژئاوا کوژراون.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە