لە تاران و بەیرووت دژی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز خۆپێشاندان کرا

22-07-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
بەشێک لە خۆپێشاندەران لە تاران قورئانی پیرۆزیان بەرزکردەوە
بەشێک لە خۆپێشاندەران لە تاران قورئانی پیرۆزیان بەرزکردەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە تارانی پایتەختی ئێران بەشێک لە هاووڵاتییان بە بەرزکردنەوەی قورئان، خۆپێشاندانیان کرد و دژی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لەلایەن پەناخوازێکی عێراقییەوە، دروشمی مردن بۆ سوێد، ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیایان گوتەوە و ئاڵای سوێدیان سووتاند.

یاسر، خۆپێشاندەر گوتی، "لانیکەم پێویستە باڵیۆزەکەیان بکەینە دەرەوە. بەرپرسان دەبێت دووبارە پێداچوونەوە بە هەر پەیوەندییەکدا بکەن کە لەگەڵ سوێد هەمانە."
 
هاوکات لە بەیرووتی پایتەختی لوبنانیش بەشێک لە هاووڵاتییان کە ژمارەیەکی بەرچاویان لایەنگری حیزبوڵڵابوون، کۆبوونەوە و دروشمیان دژی سوێد گوتەوە کە رێگەیدا بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز بکرێت.
 
موسا حوسێنی، خۆپێشاندەری لوبنانی دەڵێت، "قورئانەکەمان یەکێک لە گرنگترین پیرۆزییەکانمانە و بێدەنگ نابین، بۆیە داوا لە حکومەتی لوبنان دەکەین باڵیۆزی سوێد بکاتە دەرەوە. داوا لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان دەکەین تەواوی باڵیۆز و کارمەندە سوێدییەکان بکەنە دەرەوە."
 
سەلوان مۆمیکا، هاووڵاتیی بە رەچەڵەک کریستیانی عێراقی کە ئێستا خۆی بە بێ ئایین دەناسێنێت، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سوتاند. 20ـی ئەم مانگەش بێڕێزی بە قورئان، خامنەیی و سەدر و ئاڵای عێراق کرد.
 
ئەو کارەی سەلوان مۆمیکا کاردانەوەی زۆرینەی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی زۆرینە موسڵمانی لێکەوتووەتەوە و داوا لە حکومەتی سوێد دەکەن هەرچی هەیە بۆ رێگریرکردنی ئاکاری هاوشێوە، بیکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە