سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە

22-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە سەردانی ئەنقەرە دەکات. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 22-01-2024، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بڕیارە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سیاسی - ئابووری رۆژی چوارشەممە، 24-01-2024، سەردانی تورکیا بکات. 
 
بەپێی میدیای ئێران، سەردانەکەی رەئیسی بۆ ئەنقەرە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە و دوای کۆبوونەی لەگەڵ ئەردۆغان، بە سەرپەرشتیی دوو سەرۆکەکە هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا بەڕێوەدەچێت.
 
بڕیارە سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی هاوبەشی بازرگانانی دوو وڵات ئامادە ببن، هەروەها رەئیسی لەگەڵ رەوەندی ئێرانی لە تورکیا کۆدەبێتەوە.
 
بڕیار بوو رۆژی 04-01-2024، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تورکیا بکات، بەڵام دوای تەقینەوە خۆکوژییەکانی شاری کرمان، ئیبراهیم رەئیسی سەردانەکەی بۆ تورکیا هەڵوەشاندەوە.
 
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024، دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمانی ئێران و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی، روویاندا، کە بوونە هۆی کوژرانی 92 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە. 
 
یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا لە ساڵی 2014 کرا. دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لە 18-07-2022 بە بەشداری رەجەب تەییب ئەردۆغان لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو. بڕیار بوو لە ساڵی 2023دا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تورکیا بکات و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بەشدار بێت، بەڵام دوای چەند جار دواخستنی، دواجار سەردانەکە نەکرا.
 
پێشتر میدیای فەرمیی تورکیا لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە رایگەیاندبوو، بریارە لە سەردانەکەدا، تورکیا و ئێران 10 رێککەوتنی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ بکەن.
 
ئێران و تورکیا پلانیان هەیە قەبارەی بازرگانیی نێوانیان بۆ 30 ملیار دۆلار زیاد بکەن.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە