رووداو دیجیتاڵ
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە رووداوی گوت، 5 هاونیشتمانی کە بە شێوەی نایاسایی چووبوونە لیبیا و دەستگیرکرابوون، ئازادکران. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، هەر پێنجیان خەڵکی باشووری کوردستانن.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025) ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی سێ مانگە، ئەمڕۆ توانیمان 5 هاووڵاتیی عێراقی لە زیندانەکانی لیبیا ئازاد بکەین، کە لە رێگەی کۆچدا لەم وڵاتە دەستگیرکرابوون."
ئەحمەد سەحاف گوتی، "پاسپۆرت بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانە ئامادەکراوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵات."
هەر لەو بارەوە، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "هەر پێنج کەسەکە کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن. سێ کەسیان لەلایەن گرووپێکی میلیشیاوە دەستگیرکرابوون، دووانەکەی دیکەش بە بڕیاری دادگە و بە تۆمەتی دەست تێکەڵییان لەگەڵ قاچاخچی، دەستگیرکرابوون."
بە گوتەی موسەننا ئەمین، "ئەو گرووپە میلیشیاییەی ئەو سێ هاونیشتمانییەی دەستگیرکردبوو، داوای پارەیان لە باڵیۆزخانەی عێراق دەکرد بۆ ئازادکردنیان، بەڵام هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی توانی ئازادیان بکات. دوو هاونیشتمانییەکەی دیکەش بێتاوان دەرچوون و ئازادکران."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەر 5 هاونیشتمانییەکە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 13 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ