ئاوارەبوون لە غەززە دەستیپێکردەوە؛ '7 کەس لە ماڵی دراوسێکەم کوژران'

19-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست، ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتەکە کردەوە.
دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست، ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتەکە کردەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت، شاری خان یونسە. دوو مانگ بوو شەڕ لە شارەکە و کەرتی غەززەی فەلەستین وەستابوو، بەڵام ئاگربەست کۆتاییهات و دووبارە فەلەستینییەکان لە ترسی گیانیان رێگەی ئاوارەییان گرتەوە بەر. 
 
ئەحمەد ئەبو دەقە، دانیشتووی غەززەیە و باس لە بۆردوومانکردنی ناوچەکەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات و دەڵێت، "بە تووندی بۆمبباران کراین، حەوت کەس لە ماڵی دراوسێکەم کوژران، لەنێویاندا دایکێک و منداڵەکانی. من کەسێکی ئاساییم و تەنیا دەمەوێت ژیانێکی ئاسایی بژیم وەک هەر کەسێکی دیکە. چاوەڕێی هیچ شتێک ناکەین تەنیا ئەوە نەبێت کە بە ئاشتی بژین."
 
محەممەد حاجی، دانیشتوویێکی دیکەی کەرتەکەیە و باس لەوە دەکات، "خەڵک خەریکی ئامادەکردن خواردنی ئێوارە بوون، لەوکاتە بەشێوەیەک کە پێشبینیمان نەدەکرد مووشەک بەسەرمان داباری. خەڵکێکی زۆر لەم ناوچەیە بریندار و شەهید بوون. ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری گەیشتنە ئێرە و ئێمەش هێشتا بەدوای خەڵکدا دەگەڕێین."
 
لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەوە ئیسرائیل بە چڕی چەند شوێنێکی لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد. بە گوێرەی تەندروستیی کەرتەکە، 404 کەس کوژران و زیاتر لە 562 کەسیش بریندار بوون.
 
هێرشەکە دوای ئەوە هات کە هەردوولا نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەوەی ئاگربەستی نێوانیان درێژ بکەنەوە کە 19ـی کانوونی دووەمەوە راگەیێندرابوو.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش بانگەشەی چڕبوونەوەی زیاتری بۆردوومان بۆ سەر غەززە دەکات. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی دەستپێکردنەوەی شەڕەوە دەڵێت، "لەگەڵ وەزیری بەرگری پێشنیازی سوپا و بەرپرسانی ئەمنیم وەگرت بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ شەڕێکی تووند دژی حەماس. ئێستا ئیسرائیل بە تووندی دژی حەماس دەجەنگێت و دانوستاندنەکانیش تەنیا لەژێر ئاگردا ئەنجام دەدرێن. حەماس لەماوەی 24 کاژێری رابردوو هێزی ئێمە هەستپێکردووە و دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە کە ئەوە تەنیا سەرەتایە. بەردەوام دەبین لە شەڕکردن تاوەکو هەموو ئامانجەکانی جەنگەکە بەدەستدەهێنین."
 
سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بەردەوام بوو، بەڵام ئەنجامیان نەبوو. حەماس داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیلی دەکرد، ئیسرائیلیش دەڵێت، تاوەکو کۆتایی بە حەماس نەهێنێت، شەڕەکە تەواو نابێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە