لە جۆلەمێرگ سەگ پەلاماری منداڵێکی دا و گیانی لەدەستدا

19-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەند سەگێکی بێلانە لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان پەلاماری کچێکی 12 ساڵان دەدەن و بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدات.
 
رووداوەکە لە شارۆچکەی گەڤەر لە پارێزگەی جۆلەمێرگ روویداوە. منداڵەکە ناوی ئەسلەم تەکەری بووە. منداڵەکە بە تەنیا بە رێگەدا رۆشتووە و سەگ پەلاماری داوە و گیانی لەدەستداوە.  
 
تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. تیمەکانی تەندروستی کچەکەیان بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گواستەوە. 
 
پارێزگەی جۆلەمێرگ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: ''تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی رووداوەکە ئەوەیان دەستنیشانکرد کە کچەکە خوێنی زۆری لێ رۆیشتبوو و دڵی وەستابوو".
 
پارێزگەکە گوتیشی: "پارێزگەکەمان و سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی شارۆچکەی گەڤەر لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن".
 
تەکەر دوای ئەنجامدانی توێکاری، لەلایەن کەسوکاریەوە بەخاکسپێردرا.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە حەوت مانگی سەرەتای پاردا 812 پەلاماردانی سەگ هەبوون و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدابوو  و 966 ـی دیکەش بریندار ببوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە