رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدا سواری فڕۆکە دەبێت بۆ ئەوەی رووبکاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وێنە: Kevin MOHATT / POOL / AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەگاتە تەلئەڤیڤ و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، ئەوەش وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی بایدن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە 10 مانگ و نیوییەکەی غەززە.
رۆژی یەکشەممە (18ـی ئابی 2024) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ جاری دەیەم لە دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری رابردووەوە، دەگاتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بلینکن تەلئەڤیڤە و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کۆببێتەوە، لەوانەش بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئامانج لە سەردانەکەی بلینکن بەردەوامیدانە بە "هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان بۆ تەواوکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتە و دەستگیرکراوەکان، ئەوەش لە رێگەی ئەو پێشنیازەی لە لایەن ئەمریکاوە بە پاڵپشتی میسر و قەتەر پێشکێش کراوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، جێبەجێکردنی پێشنیازەکە دەبێتە هۆی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، ئازادکردنی بارمتەکان، گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە و رەخساندنی زەوینە بۆ هەبوونی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، بلینکن لە سەردانەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە هەموو لایەنەکان رێگە لە زیادبوونی گرژییەکان بگرن و، هاوکاربن بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە سەربگرێت.
سەردانەکەی بلینکن لەکاتێکدایە، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی گفتوگۆی تایبەت بە ئاگربەست بە سەرپەرشتیی نوێنەرانی ئەمریکا، قەتەر و میسر لە دەوحە کران و بە قسەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، 'ئەرێنی بوون."
بڕیارە گفتوگۆکان ئەم هەفتەیە لە قاهیرەی پایتەختی میسر درێژەیان پێبدرێت.
بەگوێرەی پێشنیازی ئەمریکا کە بنەمای سەرەکیی ئەم گفتوگۆیانەیە، پلانی ئاگربەست بە سێ قۆناخ دەبێت. قۆناخی یەکەم شەش هەفتە دەبێت و تێیدا ئاگربەستێکی کاتی رادەگەیێندرێت و هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی غەززەی لێ نیشتەجێن، دەکشێنەوە. لە ماوەی ئەو شەش هەفتەیەدا ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بچنە قۆناخی دووەم. ئەگەر گفتوگۆکان کاتی زیاتریان ویست، ئاگربەستی کاتی هەر بەردەوام دەبێت.
قۆناخی دووەم بەو جۆرەیە ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێندرێت و هەموو بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن. لە قۆناخی سێیەمیشدا، پلانی بونیاتنانەوەی غەززە بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ