هاکان فیدان: ئەگەری زۆر هەیە شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل رووبدات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "ئەگەری زۆر هەیە" شەڕ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل رووبدات و دەڵێت، نایانەوێت شەڕ لە ناوچەکە تەشەنە بسەنێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 17-10-2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا کرد و ''ئەگەری شەڕی ئێران و ئیسرائیل'' یەکێک لە مژارەکان بوو.
 
فیدان ئاماژەی بەوە دا، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دروستببێت و گوتی: ''تەشەنەسەندنی شەڕ لە ناوچەکە شتێک نییە ئێمە ئارەزووی بکەین. لە 20 ساڵی رابردوودا بەهەموو هێزمانەوە خۆمان چڕ کردووەتەوە لە بابەتی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە جوگرافیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستمان، کە دووچاری داگیرکاری و قەیران بووەتەوە.''
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەقامگیریی ناوچەکە گوتی: ''بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە پێویستە شەڕ نەکرێت. ئەگەر ئێران بەرگرییەکی رەوایانەی خۆی بکات، ئەمە مافی خۆیەتی.''
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی حەماسی راگەیاند. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، دوێنێ چوارشەممە چەند سەربازێکی ئیسرائیلی سێ چەکداریان بینیوە چوونەتە نێو باڵەخانەیەکی شاری رەفەح لە باشووری غەززە. ئەوانیش داوایان کردووە فڕۆکە ئەو باڵەخانەیە بۆردوومان بکات. دوای ئەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "سێ تیرۆریستمان کوشت، گومان دەکەین یەکێکیان یەحیا سنوار بێت."
 
رۆژی 27-09-2024، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر باشووری بەیرووت و گوتی، بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا کوژراوە. 
 
کاژێر07:30ی شەوی سێشەممە، 01-10-2024، ئێران هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد. سوپای پاسداران گوتی بە دەیان مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش وەڵامدانەوەیەکە بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان. سوپای ئیسرائیلیش گوتی، هێرشەکە لە رێگەی زیاتر لە 250 مووشەکەوە بووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: یەحیا سنوار کوژرا

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا بۆ ژمارەیەک لە هاوکاتانی لەسەر ئاستی جیهان، کوژرانی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس پشتڕاست دەکاتەوە.