بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئەمریکا هۆشداری بە تاران دەدات و دەڵێت، ئێران رووبەڕووی لێکەوتی "کارەساتبار" دەبێتەوە، ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
 
بەرپرسە باڵاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی گوت، واشنتن "ئێرانییەکان هان دەدات بەو رێگەیەدا نەڕۆن، چونکە دەکرێت لێکەوتەکان تەواو کارەساتبار بن، بە دیاریکراوی بۆ ئێران."
 
بەرپرسەکە هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئێران هێرشەکە بکات، گفتوگۆی ئاگربەستی غەززە لەنێودەچێت.
 
هاوکات جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئێستا لە هەر کاتێک زیاتر لە ئاگربەست نزیکترن، ئەوەش دوای دوو رۆژ دانوستاندن لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کە ئەمریکییەکان تێیدا پێشنیازێکیان بۆ رازیکردنی حەماس و ئیسرائیل بە رێککەوتن پێشكێش کرد.
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە رایگەیاند، "ئەوەی کە ئەم جەنگەی لە 7ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد حەماس بوو، کە هێزێکی بەوەکالەتی ئێرانە. شتێکی زۆر گاڵتەجاڕانە دەبێت ئەگەر ئێران شتێک بۆ لەنێوبردنی ئەو شتە بکات کە ئێمە پێمان وایە باشترین دەرفەتە بۆ رێککەوتنێکی زۆر گشتگیری ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان."
 
ئێران بە ئیسرائیلی راگەیاندووە، تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس دەکاتەوە.
 
یسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەر رۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و بەریتانییەکەی رایگەیاند، پێشبینیان لێ دەکەن یارمەتیی ئیسرائیل بدەن لە "هێرشکردنە سەر ئامانجی گەورەی" نێو ئێران، ئەگەر ئێرانییەکان هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.  
 
لە بارەی ئەو قسانەوە پرسیار لە بەرپرسە ئەمریکییەکە کرا، لە وەڵامدا گوتی، ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا خۆیان بۆ "هەموو پێشهاتێک ئامادەکردووە. ئێمە هەموو شتێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل دژی هەر هێرشێکی ئێران دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە