رووداو دیجیتاڵ
دەستدرێژیی سەر منداڵانی رۆهینگیا، رفاندنی منداڵان لە قوتابخانەکانی نەیجیریا و چەکدارکردنیان لە ریزی گرووپە چەکدارەکانی سوودان؛ ئەمانە بەشێکن لەو پێشێلکارییانەی لە ساڵی 2023دا بەرامبەر منداڵان کراون. ئەنجامی ئەو پێشێلکاریانە کوژرانی هەزاران منداڵی لێکەوتووەتەوە.
ڤێرگینیا گامبا، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان و چەکدارکردنیان دەڵێت، "لە 2023دا تووندوتیژی دژی منداڵان لە ناوچە پڕ گرژییەکاندا گەیشتە بەرزترین ئاست؛ 21% بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیادی کرد."
بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە رۆژی 13ی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە، پار 32 هەزار و 990 پێشیلکاریی راستەوخۆ بەرامبەر 22557 منداڵ کراون؛ بەو هۆیەوە 11649 کوژراون، هەروەها 8655 منداڵ چەکدار کراون و 4356 منداڵیش رفێندراون.
نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە "مەترسییەکی گەورە" بۆسەر منداڵان دەبینێت.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان و چەکدارکردنیان ئاماژەی بەوە کرد، "وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دژی کەتیبەی قەسام، ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر کەرتی رۆژئاوا و بەکارهێنانی تەقەمەنییەک کە کاریگەریی لەسەر ناوچەیەکی فراوان هەبێت، بوونەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل، لەنێویاندا منداڵان."
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی 37 هەزار کەس، کە 15 هەزاریان منداڵ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ