رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی باکووری غەززەی کرد و ستایشی سەربازانی وڵاتەکەی کرد؛ راشیگەیاند بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکەن، هێرشەکانیان بۆسەر حەماس بەردەوام دەبن.
رۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی لە باکووری غەززە کرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، نەتەنیاهوو لە باکووری غەززە بە سەربازانی گوتووە: "بەردەوام دەبین لە هێرشکردنە سەر دوژمن و حەماس گورز لە دوای گورزی بەردەکەوێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها رایگەیاندووە: "پێداگری دەکەین لەوەی دەبێت حەماس بارمتەکان ئازاد بکات؛ هەروەها پێداگری لەسەر بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەکانی جەنگەکەمان دەکەین."
نەتەنیاهوو وێنەیەکی چاپکراوی پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەزر کردەوە و گوتی، جارێکی دیکە داوا دەکات ئیسرائیل بڕوخێندرێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "ئەو (عەلی خامنەیی) ئەم کارە دەکات، لەکاتێکدا لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ ئەنجام دەدات."
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی یاوەری نەتەنیاهووی بۆ غەززە کرد.
کاتز بە سەربازانی ئیسرائیلی گوت، ئیسرائیل هەرگیز رێگە نادات حەماس "هەڕەشە لە کۆمەڵگەکان و هاووڵاتییانمان بکات و ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئێستا ئەنجام دەدرێت گوشار لەسەر حەماس دروست دەکات بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکات."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییدا لەوەی کە ئەگەر حەماس لەسەر رەتکردنەوەی ئازادکردنی بارمتەکان بەردەوام بێت، "زەبری تووندتر و تووندتری لێدەدەین تاوەکو دەشکێت و هەموو بارمتەکان دەگەڕێنەوە."
سەردانەکەی نەتەنیاهوو بۆ باکووری غەززە لەکاتێکدایە، نزیکەی مانگێکە هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیانپێکردووەتەوە.
14ـی ئەم مانگە، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، پێشنیازێکی نوێی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەدەست گەیشتووە.
بەگوتەی بەرپرسێکی حەماس، ئیسرائیل لە بەرامبەر ئاگربەستێکی 45 رۆژەدا داوای ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندووی کردووە.
14ـی نیسانی 2025، تاهر نونو، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "ئامادەین لە بەرامبەر رێککەوتنێکی جیدیی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هەموو دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد بکەین."
هەریەکە لە میسر و قەتەر لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بدۆزنەوە.
ئەو بەرپرسەی حەماس ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە رێگری دەکات لەوەی هیچ پێشکەوتنێک بە ئاراستەی ئاگربەستەکە هەبێت و گوتی: "بابەتەکە ژمارەی دەستگیرکراوەکان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە داگیرکار پاشگەز دەبێتەوە لە پابەندییەکانی و رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی تایبەت بە ئاگربەست دەکات".
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە کە لە 19ـی کانوونی دووەمی دەستیپێکرد و دوو مانگ بەردەوام بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ