کابینەی جەنگی ئیسرائیل لەنێوان وەڵامدانەوە و وەڵامنەدانەوەی ئێران دابەش بووە

15-04-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای چەند کاژێرێک لە کۆبوونەوە و دانوستاندن لەبارەی هێرشەکەی ئێران و ئەگەری وەڵامدانەوە، هێشتا کابینەی جەنگی ئیسرائیل بڕیاری نەداوە کەی و چۆن وەڵامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکەی ئێران دەداتەوە. 
 
کۆبوونەوەکە بەبێ وەرگرتنی هیچ بڕیارێک هەڵپەسێردراوە و میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەکە دەستپێدەکەنەوە. 
 
بەپێی کەناڵ 12ی ئیسرائیل، دوو بۆچوونی زەق لەنێو کۆبوونەوەکەدا هەبوون؛ یەکەم: بەڵێ بۆ دەستبەجێ هێرشکردنەوە سەر ئێران؛ دووەم: نەخێر دەبێ چاوەڕێ بکەین. 
 
بۆچوونی یەکەم، بێنی گانتز، کە لە 2020 بۆ 2021 ماوەیەک سەرۆکوەزیران بوو، ئێستا لە کابینەی جەنگدا وەزیرە، سەرمەشقی ئەم بۆچوونە بووە.
 
بۆچوونی دووەم، یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری سەرمەشقی ئەوانە بووە کە گوتوویانە "هێرش ناکەین و دەبێ چاوەڕێ بین." جگە لەوەش، هێرزی هالەڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل و چەند ئەندامێکی دیکەی کابینەی جەنگ لە دژی بڕیاری وەڵامدانەوەی خێرا بوون. 
 
بەپێی راپۆرتەکە تائێستاش نەتەنیاهوو بۆچوونی نادیارە.
 
رۆژی شەممە، 13ـی نیسانی 2024، دەورووبەری کاژێر 11:00ـی شەو بەکاتی هەولێر، ئێران بە سەتان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. 
 
میدیای ئیسرائیلی لە چەند سەرچاوەیەکەوە پشتڕاستی کردووەتەوە کە لەدوای ئەوەی زۆربەی مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیسرائیل بەرپەچدرانەوە، بۆچوونی وەڵامنەدانەوەی هێرشی ئێران لەنێو بەرپرسانی ئیسرائیل دا زەقتر بووەوە. 
 
هۆکارێکی دیکەی تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبووە، وەکو میدیای ئیسرائیلی باسی دەکات، لەدوای ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە بایدن قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کردووە. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا بە روونی بە ئیسرائیلی گوت، وڵاتەکە بەشداری لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ناکات. 
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە: "هێرشی پێچەوانە بکەیتە سەر ئێران، ئەمریکا بەشداری تێدا ناکات."
 
هێرشەکەی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە بوو لە کوژرانی حەوت کەس کە دووانیان فەرماندەی پاسداران بوون لە هێرشێکی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لە 01-04-2024 کە ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل بەڵام ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو هێرشە نەبوو.
 
 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.