ئەو درۆن و مووشەکانە چین کە ئێران لە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل بەکاریهێنان؟

14-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نزیکەی 300 درۆن و مووشەک ئاراستەی ئەو وڵاتە کران، بەپێی زانیارییەکان لە هێرشەکەدا درۆنی جۆری شاهید 136 و مووشەکی خەیبەر 4 و عیماد بەکارهاتوون، کە ئێران بە سێ لە باشترین و دیارترین درۆن و مووشەکە بالیستییەکانی ناودەبات.
 
هەندێک لە درۆنەکانی ئێران لە بەسەر خاکی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران، لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە خرانە خوارەوە، هەروەها لە چەند ناوچەیەکی دیکەش لەلایەن ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپا و ئەمریکاوە ئەو کارەیان کردووە.
 
درۆنی شاهید 136
 
لە دیارترین درۆنەکانی ئێرانە، بەخێرایی 185 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەفڕێت و توانای فڕینی لەنێوان 970 بۆ 2500 کیلۆمەترە، دەتوانێت کڵاوەیەکی بۆمبی پێوەببەسترێت کە قورساییەکەی لەنێوان 30 بۆ 50 کیلۆگرام بێت.
 
کێشی 200 کیلۆگرام دەبێت، درێژییەکەی دەگاتە 3 مەتر و نیو، درێژیی باڵەکانی دەگاتە 2 مەتر و  نیو، نرخەکەی نزیکەی 20 هەزار دۆلارە.
 
درۆنەکە لەلایەن کۆمپانیای شاهید بۆ پیشەسازیی فڕۆکەوانییەوە کە کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێرانە دیزاین و دروستکراوە، یەکەم درۆنی لەمجۆرە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2021 بەکارهێندراوە، لە شەڕی یەمەن و رووسیا و ئۆکراینا، لە هێرشەکانی سەر دامەزراوەی ئارامکۆی سعودی بەکارهاتووە.
 
درۆنەکە سێ بزوێنەرەی هەیە، سیستەمی ئاڕاستەکردنی لە رێگەی مانگە دەستکردەکان"GPS" و سیستەمی فڕین لە رێگەی خێرایی"INS" و چەندین تەکنەلۆژیای بۆ پاراستنی لە جەنگە ئەلیکترۆنییەکانی تێدایە.

 

 
سەکۆی هەڵدانی شاهید-136 دەتوانێت لە یەک کاتدا پێنج درۆن ئاڕاستە بکات، ئەم درۆنە لە هێرشەکەی شەوی 15ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵی سەر هەولێر بەکارهێندرا.
 
مووشەکی خەیبەر-4 
 
خەیبەر 4 یەکێکە لە مووشەکە بالیستییەکانی ئێران، لە نەوەی چوارەمی مووشەکی خوڕەمشەهرە، یەکێکە لە مووشەکە دوورهاوێژەکان، کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئێرانەوە پەرەیپێدراوە، درێژیی مووشەکەکە دەگاتە 13 مەتر، دەتوانێت 2,000 کیلۆمەتر بڕوات، توانای بەستنی کڵاوەی بۆمبی هەیە بە قورسایی نزیکەی 1500 کیلۆگرام.
 
خێراییەکەی لە چرکەیەکدا 5488 مەترە، واتە 19 هەزار و 757 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا لە قۆناخی ناوەند، لە قۆناخی کۆتایی دەگاتە 2744 مەتر لە چرکەیەکدا، واتە 9 هەزار و 878 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، بزوێنەری ئارووندی دروستکراوی ئێرانی لەسەرە، بە یەکێک لە پێشکەوتووترین مووشەکەکانی ئێران لە بزوێنەردا هەژماردەکرێت.
 

بەپێی بەرپرسانی ئێران ئەوپەڕی هەڵەی مووشەکەکە 30 مەتر دەبێت. 
 
بەپێی وەزارەتی بەرگریی ئێران، مووشەکە پێکانی وردە، درێژیی کڵاوە جەنگییەکەی دەگاتە 4 مەتر، مووشەکەکە بە سووتەمەنیی شلیش کاردەکات، دەتواندرێت لەدوورەوە کۆنتڕۆڵ و ئاڕاستە بکرێت. رۆژی 25ـی ئایاری 2023 پەردەی لەسەر لادرا. 
 
مووشەکی عیماد
 
مووشەکێکی بالیستیی زەوین بە زەوینە، 1700 کیلۆمەتر دەڕوات، کێشی نزیکەی 17 تۆن و نیوە، کڵاوەکەی نزیکەی 750 کیلۆگرام دەبێت، درێژیی مووشەکە 15 مەتر و نیو و تیرەکەی یەک مەتر و 25 سانتیمەتر دەبێت و بە سووتەمەنیی شل کاردەکات.
 

لەساڵی 2015 دوای هەڵدانی بەسەرکەوتوویی لەلایەن وەزیری بەرگری ئێرانەوە راگێیندرا، مووشەکەکە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی بۆمبی هەیە.
 
عیماد کە ناوی مووشەکەکەیە، لە ناوی"عیماد موغنیە" سەرکردەی سەربازیی حیزبوڵای لوبنانییەوە نراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە