روواو دیجیتاڵ
نزیکەی تەواوی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران، لەلایەن ئیسرائیل و بەهاوکاریی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، تێکشێندران، بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا، پێش هێرشەکانی ئێران. ئیسرائیل سیستمی بەرگریی دژە مووشەکی ناسراو بە "سیستمی تیر"ی کارا کردووە و 99٪ی هێرشەکانی بەرپەرچداوەتەوە.
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئێران زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کردووە، کە زۆربەیان لەنێو خاکی ئێرانەوە بووە و تەواوی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران، پێنج کاژێری خایاندووە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، زۆربەی مووشەک و درۆنەکان، لە دەرەوەی سنووری ئیسرائیل تێکشکێندراون و زۆربەشیان هەزار و 700 کیلۆمەتریان بڕیووە پێش ئەوەی بخرێنە خوارەوە.
ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە لەو مووشەک و درۆنانەی ئێران رەوانەی ئیسرائیلی کردوون، تەنیا 10یان گەیشتووەتە نێو خاکی ئیسرائیل. بەگشتیش، نزیکەی 170 درۆنی بۆمبڕێژکرا و 30 مووشەکی کرووز و زیاتر لە 120 مووشەکی بالیستی بوون.
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زیاتر لە 70 درۆن و سێ مووشەکی بالیستیان تێکشکاندووە. ئەمریکا سیستمی بەرگریی دژە مووشەکی ئایجیسی ئەمریکی بەکارهێناوە بۆ تێکشکاندنی ئەو مووشەکە بالیستیانە کە لە رێگەی دوو کەشتییە جەنگییەکەی نێو دەریای سپی نێوەڕاست بەکارهێنراون.
لەدوای هێرشەکەش، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی جموجۆڵە سەربازییەکانی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتی: "لەماوەی هەفتەی رابردوودا، بۆ بەرگریکردن لە هێڵی بەرگریی ئیسرائیل، ئەمریکا هێزی ئاسمانی و دەریایی لە ناوچەکە زیاتر کردووە. سوپاس بۆ ئەو توانا سەربازی و ئازایەتییەی سەربازانمان، توانیمان هاوکاری ئیسرائیل بکەین. تەواوی درۆن و مووشەکەکان لەنێوبەرین".
هەرچی بەریتانیایە، لەرێگەی فرۆکەی جەنگی ناسراو بە راف، ژمارەیەک درۆنی ئێرانی تێکشکاندووە و لەدوای هێرشەکەش، ژمارەیەک فرۆکەی دیکەی رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل.
سەبارەت بە رۆڵی فەرەنسا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە فەرەنسا لە رێگەی هێزی ئاسمانییەوە، چاودێری ئاسمانی ئیسرائیلی کردووە تاوەکو ئاگاداری بکەنەوە لە گەیشتنی هەر هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل.
لەگەڵ ئەوەش، ئوردن، ژمارەیەک لە درۆنی بومبڕێژکراوی لەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی تێکشکاند.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، تەنیا لەو 120 مووشەکە بالیستیەی ئێرانی ئاراستەی وڵاتەکەیانی کردبوو، ژمارەیەکی کەمیان سیستمی بەرگریی دژە مووشەکی ئیسرائیلیان تێپەڕاندووە و بنکەی ئاسمانی نیڤاتم-یان لە باشووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج و زیانێکی کەمیان بەو بنکەیە گەیاندووە.
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زیانەکە بەر ژێرخانی بنکەکە کەوتووە، بەڵام کاریگەریی ئەوتۆی نەبووە و ئێستاش بنکەکە بە ئاسایی کار دەکات.
هەگاری ئاماری بەوەش کردووە، سەرجەم ئەو درۆن و مووشەکانەی لە یەمەن و عێراقەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون، هیچیان نەگەیشتوونەتە نێو خاکی ئیسرائیل و پێش گەیشتنیان تێکشکێندراون.
سیستمی تیر
ئیسرائیل رایانگەیاندووە، بێجگە لە بەرکهێنانی سیستمی بەرگریی گومەزی ئاسنین. سوپای ئیسرائیل بۆ بەرپەرچدانەوەی زنجیرە هێرشەکانی ئێران، سیستمی تیر 3ی بەکارهێناوە کە لە توانایدایە، مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنوورەکانی تێکبشکێنێت.
سیستمی تیر بە هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرهەم هاتووە و پرۆژەیەکی هاوبەشی کۆمپانیای بۆوینگی ئەمریکی و دامەزراوەی پیشەسازیی حکومەتی ئیسرائیلە.
ئەو سیستمە لەساڵی 2000ـەوە دروستکراوە و لەساڵی 2015ـەوە تاقیکراوەتەوە.
ئیسرائیل لەساڵی 2017 لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا بەکاریهێناوە.
هەروەها ساڵی رابردوو، لە کاتی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەم، بەکارهاتووە.
مووشەکی سیستمی تیر، توانای بڕینی 90 بۆ 150 کیلۆمتری هەیە و نرخی هەر مووشەکێکی نزیکەی سێ ملیۆن دۆلارە.
لەسەرەتایی پەرەپێدانی ئەو بەرهەمە هاوبەشە، زیاتر لە ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلاری تێچووە کە لەسەدا 80ی خەرجییەکەی لەلایەن ئەمریکاوە دابینکراوە. هەرچی ئیسرائیلە، ساڵانە 65 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ پەرەپێدانی ئەو سیستمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ