ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس گەیشتە 2400 کەس

11-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن حەماس ئیسرائیل فەلەستین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین و ئیسرائیل دوایین ئامارەکانی کوژراوان و بریندارانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین و ئیسرائیلیان لەکەرتی غەززە بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 400 کەس لە هەردوولا کوژراون، کە بەشی زۆریان سڤیلن.
 
شەوی چوارشەممە، 11-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، رایگەیاند، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ هەزار و 100 فەلەستینی لە شەڕەکاندا کوژران و پێنج هەزار و 339 کەسی دیکەش برینداربوون، 14 دامەزراوەی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە و 10 کەسیش لە تیمە پزیشکییەکان کوژراون.
 
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، ئەوانەی کوژراون 603 پیاو، 171 ئافرەت و 326 یان منداڵن. هەروەها لە بریندارەکانیش سێ هەزار و378ـیان پیاو و 744ـیان ئافرەت و هەزار و 217ـیان منداڵن. 290 کەس لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە و سێ هەزار و 965ـیان برینەکانیان مامناوەندە، هەزار و 84 برینداریش برینەکانیان سووکە.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ئاماری کوژراوانی شەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە: "تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ هەزار و 300 ئیسرائیلی کوژراون و سێ هەزار و 192 کەسی دیکەش برینداربوون لەنێو بریندارەکاندا 364 کەسیان برینەکانیان قورسە و 572 کەسیشیان برینەکانیان مام ناوەندە."
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو. تاوەکو ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە