وەفیق سەفا کێیە؟ ئیسرائیل دەڵێت، ئەمشەو بەئامانجی گرتووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای ئیسرائیلی رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر نێوەڕاستی بەیرووتی پایتەختی لوبنان، وەفیق سەفا، سەرکردەی باڵای حیزبوڵڵا کراوەتە ئامانج.
 
وەفیق سەفا بەرپرسی هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکانی حیزبوڵڵای لوبنانییە. 
 
لە ساڵی 1960 لە شارۆچکەی زەبدەین لە باشووری لوبنان لەدایکبووە. 
 
لە ساڵی 1984 بووەتە ئەندامی بزووتنەوەکە.
 
لە ساڵی 1987 بووەتە سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی بزووتنەوەکە.
 
بە خاوەن کەسایەتییەکی ناڕوون و مشتومڕهێن دادەنرێت بە هۆی ئەو رۆڵە گرنگەی لە سەر ئاستی ئەمنی و سیاسی لە حیزبوڵڵادا هەیبووە.
 
هەروەها بە خاوەن رۆڵی سەرەکی دادەنرێت لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و دەرەکییەکانی حیزبوڵڵا.
 
رۆڵێکی گەورەی لە ژمارەیەک دانوستاندندا هەبووە، چ لەسەر ئاستی نێوخۆی لوبنان یان لەسەر ئاستی ناوچەکە بێت، لە نێویاندا گفتوگۆی دیلگۆڕکێی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ساڵی 2006.
 
وەفیق سەفا لە ساڵی 2000، کە حیزبوڵڵا 3 سەربازی ئیسرائیلیی رفاندبوون، لیژنەیەکی دانوستاندنی پێکهێنا و لە ساڵی 2004 بە رێککەوتنێک، تەرمەکانیان لەگەڵ ژمارەیەک دیلی حیزبوڵڵا گۆڕدرانەوە.
 
هەروەها پێش جەنگی 2006ی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، لە دانوستاندنی گەڕاندنەوەی دوو سەربازی یەدەگی ئیسرائیلدا بەشداربوو کە حیزبوڵڵا رفاندبوونی و دواتر لە 16ی حوزەیرانی 2008، تەرمەکانیان گەڕێندرانەوە بۆ ئیسرائیل. 
 
وەفیق سەفا تۆمەتبارە بە دروستکردنی بەربەست و کێشە بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی ساڵی 2020ی بەندەری بەیرووت. 
 
هەروەها دەگوترێت لە کاتی تەقینەوەی پەیجەرەکان لە 7ی ئەیلوول، دوو لە کوڕەکانی بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، وەفیق سەفا "بەندەر و دەروازە سنوورییەکانی لوبنان بۆ ئاسانکردنی هاتوچووی ئەندامانی حیزبوڵڵا بەکاردێنێت".
 
هەروەها لە لایەن وەزارەتەکەوە سزای بەسەردا سەپێندراوە و تۆمەتبارە بە بەقاچاخبردنی چەک و مادەی هۆشبەر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە