دۆخی سووریا؛ لە کامپی هۆل 'چیت بووێت بە پارە دەکرێت'

09-12-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێ ساڵە حەلا عەبدى کامپى هۆلى لە رۆژئاواى کوردستان بەجێهێشتووە، بەڵام دیمەنەکانى بەسەربردنى شەش ساڵى ژیانى لەو کامپە لەبەرچاوە، کوشتن بە دەمانچەى بێدەنگ، رفاندن و ئەشکەنجەدان، بە دەستى شانە نووستووەکانى داعش کە شەوان لە خەو رایدەچڵەکاندن.
 
حەلا عەبدى کە قسەی بۆ (پۆدکاستى رووداوى عێراق) کردووە، دەڵێت: "کچى مامێکم پەیوەندى لەگەڵ هەسەدەدا هەبوو، زانیارى لەسەر داعشەکان پێدەدان، رۆژێک هاتن و کوشتیان، تاوەکو ئێستاش نەمانزانى کێ کوشتى".
 
کامپى هۆل 13 کیلۆمەتر لە سنوورى عێراقەوە دوورە، بەڵام هۆشدارییەکانى بەغدا لەبارەى چارەنووسى زیاتر 50 هەزار کەس لە خێزانەکانى داعش کە لە کامپەکەن، مەترسییەکەى نزیک کردووەتەوە.
 
کۆنتڕۆڵکردنى دیمەشقى پایتەخت، لەلایەن چەکدارانى دەستەى تەحریر شام کە زۆرینەیان سوننەن، ترسی عێراقى لە هۆل زیاتر کردووە، لەوەى دۆخێکى وا بێتە ئاراوە کە  ئەوانەى لە کامپەکەن و بەغدا بە نەوەى دووەمى داعش دەیانبینێت، گورزێکى لێ بدەن.
 
حەلا عەبدى دانیشتووی یەکێک لە پارێزگا زۆرینە سوننەکانى عێراقە، دواى ئەوەى چۆتە هۆل لە مێردەکەى جیابووەتەوە، کە چەکدارى رێکخراوى داعش بووە، ئەو پێیوایە کامپەکە بەو دۆخەى کە ئەوکاتە تێیدا بینیوێتى، بۆ ئێستا "100٪ بۆمبێکى کاتییە".  
 
"نەوەیەک گەورە دەبێت کە 12 بۆ 13 ساڵانن، کێشەکە باوکیان نەبوو، کێشەکە لە دایکیاندا بوو کە ئەو بیرۆکەیەى داعشیان بۆ دەگواستنەوە." حەلا واى گوت.
 
کامپى هۆل لە شارى حەسەکەى رۆژئاڤاى کوردستان، بەر لە 33 ساڵ دروستکرا، تاوەکو ئەو عێراقییانە لەخۆبگرێت کە لە جەنگى دووەمى کەنداو هەڵاتن، 2003 جارێکى دیکە بە هۆى جەنگەوە دەرگەى بۆ عێراقییەکان کردەوە، 2017 بووە شوێنى کەسوکارى ئەو چەکدارانەى داعش لە سووریا کە مێردەکانیان کوژرابوون یان دەستگیر کرابوون بە عێراقییەکانیشەوە.  
 
هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) تەنیا گەرەنتییە کە عێراق تاوەکو ئێستا دەیبینێت بۆ رێگرى لەوەى کەسوارى چەکدارانى داعش پەرژینى کامپى هۆڵ نەبەزێنن، کە ئەو هێزە پاسەوانى دەکات.
 
بانگەوازى بەردەوامى عێراق لە ماوەى دوو ساڵى رابردوودا بەو ئاراستە بوو کە کامپەکە دابخرێت و هەر وڵاتە و هاووڵاتییانى خۆى لەوێ بباتەوە، بە زیاتر لە 18 هەزار عێراقیشەوە کە لە هۆل ماون.
 
ئەو ویستە لەخۆڕا نەبوو، دۆخى ناوچەکە بەهۆى پێشهاتەکانى سووریاوە کۆنتڕۆڵکراو نییە، حەلا عەبدى دەڵێت: "لە رێگەى تانکەرى ئاو یان ئۆتۆمبێلى سەوزەوە چەک دەهێندرایە نێو کامپى هۆل، بڕێک دۆلار بدە، چیت بوێت بۆت دەکەن".
 
لە 25ى تشرینى دووەمى رابردووەوە دەستەى تەحریرى شام پێشڕەوییەکانى بەرەو پارێزگا زۆرینە سوننەکان لە سووریا دەستپێکرد. لە بەرەبەیانى 8ى کانوونى یەکەم گەیشتنە نێو شاری دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا.
 
ئەو جوڵەیەى گرووپە سوننەکە عێراقى ناچار کرد سنوورە 650 کیلۆمەترییەکەى لەگەڵ سووریا تووندتر بکات بۆ رێگرى لە دووبارەبوونەوەى ئەزموونى 2014، کاتێک داعش لەوێوە دزەى کردە موسڵ و دواتر سێیەکی خاکی عێراقی کۆنتڕۆڵکرد.
 
پێنج رۆژ دواى ئەو جوڵەیەى گرووپە چەکدارەکانى سووریا، قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لەکۆمێنتێکدا بۆ دیمەنى گەیشتى هێزێکى شیعە بۆ مەزارى سەیدە زەینەب بە دیمەشق نووسى"سەیدە زەینەب دووجار بە کەنیزەک نابرێتەوە". ئەوە وەک ئاماژەیەک بوو بۆ پاراستنى مەزارى کچى ئیمام عەلى کە بە گوێرەى گێڕانەوەى شیعەکان بە کەنیزەک براوە.
 
جۆشى شیعەکان بۆ بەرگرتن لە تەحریرى شام، زۆرى نەبرد دامرکایەوە، حەشدی شەعبی رەتیکردەوە کە هیچ هێزێکیان بۆ سووریا ناردبێت، بەڵام دوودڵی عێراق لە چارەنووسى هۆل گەرمتر بوو، لە ترسى ئەوەى ئەوەى ڤێرژنێکى دیکەى داعش لەوێوە سەرهەڵبدات، بەتایبەت کە زیاتر لە دوو مانگە هیچ کاروانێکى عێراقییەکانى کامپەکە نەگەڕێندراونەتەوە تاوەکو لەبەرچاوى بەغدا بێت.
 
گەڕانەوەى ئەو خێزانە عێراقیانە لە 2021 ـەوە دەستیپێکرد، لە رێگەى شاندێکى عێراقییەوە وردبینیى لە دۆسیەى ئەو ژن و منداڵە عێراقییانە دەکرێت کە لە کامپەکەن، بۆ ئەوەى دڵنیا ببنەوە لەوەى داواکراو نین.
 
تاوەکو ئێستا 10 هەزاریان گەڕاونەتەوە، زیاتر لە 600 خێزانیش دواى گەڕانەوەیان، ئێستا لە کامپى جەدعەى شارى موسڵن و چاوەڕێى شیاندنەوەیانن، بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە زێدى خۆیان.
 
شاندە عێراقییەکە لە هۆل ناوى خێزانە عێراقییەکە تۆمار دەکات و وێنەیان دەگرێت، پرسیارى ئەوەیان لێدەکرێت کە لە کوێوە هاتوون؟ چۆن چوونەتە دەرەوەى عێراق؟ هۆکار چى بووە؟ لە ژنەکان دەپرسن منداڵەکانیان هى کێن؟
 
حەلا عەبدى گوتى، "چەندین خێزان هەیە ماوەیەکی زۆرە لەوێن و ریزبەندییەکانیان سێ و چوار و ژمارە 10ن و نەگەڕێندراونەتەوە، دەڵێن، ئێمە هیچمان لەسەر نییە بۆ نەگەڕاوینەتەوە و هۆکار چییە ناگەڕێندرێینەوە؟".
 
هەر کاروانێکى ئەو عێراقییانەى کەسوکارى داعشن کە لە هۆل دەگەڕێندرێنەوە بۆ جەدعە، دەگاتە 150 خێزان، شاندێکى عێراقى لە کامپەکەى رۆژئاڤاى کوردستانەوە لەگەڵیان دەبن و هەسەدە پارێزگارییان لێدەکات تاوەکو دەگەنە سنوورى عێراق و رادەستى سوپا دەکرێن.
 
بە گوتەى حەلا عەبدى لە جەدعە جارێکى دیکە وردبینى لە دۆسیەکانیاندا دەکرا و ناوى هاوسەر و باوک، براکانیان لێ پرسیون، بەڵام دەڵێت: "مامەڵەکان لە جەدعە باشتر بووە لە هۆل".
 
ئەو پێشهاتە نوێیەى سووریا چارەنووسى رێککەوتنێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقیشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان خستووەتە بەردەم چارەنووسێکى نادیار، کە دەبێت تاوەکو 2027 هیچ عێراقییەکان لەو کامپە نەمێنێت وەک هەنگاوى بەر داخستنى یەکجارى کامپەکە.
 
بەرپرسێکى ئەو وەزارەتە گوتى: "رێککەوتنەکە کارایە بۆ گەڕانەوەیان بە کاروانى زیاتر و ماوەى کەمتر، بەڵام بەهۆى ئەو دۆخەى ئێستاوە سنوورى سووریا داخراوە و ئەو هەنگاوەش راگیراوە".
 
 
دەقى چاوپێکەوتنى حەلا عەبدى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق:
 
رووداو: چۆن و کەى چوویتە کامپى هۆل؟ 
 
حەلا عەبدى: رۆژى 17-10-ى 2017 بوو، شەش ساڵ لەوێ مامەوە، یەکەم ساڵ دۆخەکە ئاسایی بوو. ساڵى 2018 ئەوانەى باغۆز هاتن دۆخەکە گۆڕا، گوشارەکان لەسەرمان تووند بوون، پارێزراوى نەما، گوشار لەسەر رێکخراوەکانیش زۆر بوو.
 
رووداو: دۆخەکە چۆن گۆڕا، گوشار لە کوێوە زیادی کرد؟
 
حەلا عەبدى: گوشارەکان یەکەم شت لەلایەن چەتەکانى داعش بوو، لەگەڵ هەسەدە، گوشاریان لێدەکردین، هەڵیاندەکوتایە سەرمان، شەوان داعشەکان هەڵیاندەکوتایە سەرمان، بە رۆژیش هێزەکانى هەسەدە.
 
 رووداو: کە دەڵێیت داعشەکان کێ بوون، مەبەستت ژنە داعشەکانە؟
 
حەلا عەبدى: نەخێر پیاو بوون، لە کامپەکە بوون، کامپەکە پیاوى تێدابوو، بەشەکەى ئێمە و سوورییەکان پێکەوەبووین و تێکەڵ بووین، بازاڕ و هەموو شتێکمان یەک بوو.

رووداو: ئەى ئەو داعشانەى گوشاریان لێدەکردن خەڵکى کوێ بوون؟ عێراقى بوون یان سوورى؟
 
حەلا عەبدى: لەهەردوولای تێدابوو، عێراقى و سوورى بوون.
 
رووداو: کە هەڵیاندەکوتایە سەرتان چییان دەویست؟
 
حەلا عەبدى: بەشێوەیەکى گشتى بۆت باس دەکەم، کاتێک شەوان داعشەکان هەڵیاندەکوتایە سەرمان، ئەو داعشانە پێیانوابوو کە کەسانێک لە نێوماندان مامەڵە لەگەڵ هەسەدە دەکەن، بۆ نموونە من ئەگەر ئەمڕۆ مامەڵە لەگەڵ لایەنێکى حکومى بکەم پێیان قبووڵ نەدەکرا، یان ئەوەتا دەیانکوشتی، یان چەند رۆژێک دەیانبردیت و ئەشکەنجەیان دەدایت، لە ناو کامپەکەدا.
 
رووداو: پێشتر دەمانبیست کە کوشتن بە دەمانچەى بێدەنگ هەیە لەنێو کامپەکە، وابوو؟
 
حەلا عەبدى: 100٪ وابوو، کچى مامێکم پەیوەندى لەگەڵ هەسەدە هەبوو، زانیارى لەسەر داعشەکان پێدەدان، رۆژێک هاتن و کوشتیان، هەتاوەکو ئێستاش نەمانزانى کێ کوشتى، زۆر کەسی دیکەمان بینى کە شەوان دەچوونە سەریان گوللەیەکیان دەنا بەسەری یان سنگیان، بۆ بەیانى تەرمەکەیان لە نەخۆشخانەى مانگى سوورى کوردى بوو لە کامپەکە.
 
رووداو: ئێستا پەیوەندیتان هەیە لەگەڵیان لە کامپى هۆل؟ دۆخەوە وەک خۆیەتى؟
 
حەلا عەبدى: ئێستا پەیوەندى راستەخۆمان نەماوە، بەڵام لە رێگەى چەند هاوڕێییەکمەوە کە لە شارى حەسەکەن لە دەرەوەى کامپەکە، باس لەوە دەکەن کە هێشتا دۆخەکە هەر وایە.
 
رووداو: تۆ چۆن چوویتە ئەوێ؟ چیرۆکەکەت لەگەڵ هۆل چۆن دەستیپێکرد؟
 
حەلا عەبدى: هاوسەرەکەم کە ئێستا لێى جیابوومەتەوە لەگەڵ داعش بوو، لە مەیادین بووین لە سووریا، کاتێک بۆردوومان کراین، بڕیارمان دا بڕۆین، قاچاخچییەک گوتى دەتانگەیێنمە تورکیا، گوتمان ئەوە باشە، لە نیوەى رێگا بردینییە کامپى هۆل و گوتى لێرە دادەنیشن. گوتمان بۆچى ئاوهاى لێهات، ئەى کوا پارەکانمان، پێی گوتین تەنیا هەر ئەمەم پێدەکرێت، ئێمە وەک پەنابەر چووینە کامپەکە.
 
رووداو: دابەشکارى خێزانەکان چۆن بوو لە کامپەکە لەسەر چ بنەمایەک بوو؟
 
حەلا عەبدى: ئێمە وەک عێراقییەکان لە بەشى یەکەم، دووەم، سێیەم و چوارەمدا بووین. لە چوارەمدا لەگەڵ سوورییەکاندا تێکەڵ بووین، سوورییەکانیش لە بەشى پێنجەم، شەشەم و حەوتەم بوون.
 
رووداو: ئەى نەتەوەکانى دیکە چۆن دابەش بووبن؟
 
حەلا عەبدى: ئێمە و سوورییەکان هیچ کێشەیەکمان نەبوو تەنیا ناوەکان جیاواز بوون و تێکەڵ بووین و هاتووچۆمان هەبوو، بەڵام مەغریبی، جەزائیری، ئەمریکى، ئەفغانى و تورکى پێکەوە تێکەڵکرابوون. لە دواى 2018 وەک کۆچبەران جیاکرابوونەوە، بە ئارەزووى خۆیان هاتووچۆیان دەکرد، ژنەکانیان چەقۆیان پێبوو لە بازاڕى ناو کامپەکە لە خەڵکیان دەدا، ئەگەر ژن بووایە یان پیاو.
 
رووداو: کێ لە کامپەکە بڕیاردەربوو دۆخەکەى بەڕێوەدەبرد، وەک ئەوەى رۆڵى هەبێت، مەبەستم ئەوەبوو هاوکێشەکە چۆن بوو؟
 
حەلا عەبدى: هەر شتێکت دەوێت پارەت بدایە دەکرا، چەکیان بۆ دەهێنایت، داعشیان دەردەکرد.
 
رووداو: ئەى سەرچاوەى چەکەکان چى بوو لە ناو کامپەکە؟ کامپەکە خۆى چەکى تێدابوو یان دەیانبردە ژوورەوە؟
 
حەلا عەبدى: دزەیان پێدەکردە ناو کامپەکەوە، لە رێگەى تانکەرى ئاوەوە، یان لە رێگەى ئۆتۆمبێلى سەوزەوە یان لە شاردنەوەى لە ژێر جلوبەرگدا، لەبەر ئەوەى کامپى هۆل بازاڕى تێدایە و شارێکى تەواوە، ئەو کەسەى لە بەردەم دەرگاى کامپەکە بوو دەیگوت، هەموو ئۆتۆمبێلەکان دەپشکنم، بەڵام ئەوە راست نەبوو، پەرژینى کامپەکەش وەک پێویست نەبوو، دەرچەى تێدابوو، ئەگەرچى پاسەوانیشى هەبوو، ئەوەى 10 دۆلار تاوەکو 100 دۆلارى بدایە، چى بویستایە بۆى دەکرا.
 
رووداو: لە هۆڵ مامەڵە بە چى دراوێکەوە دەکرا؟
 
حەلا عەبدى: زیاتر مامەڵە بە دۆلار دەکرا، ئەو حەواڵانەى دەکرا بە دۆلار بوو، لە نووسینگەیەکى حەواڵە بووم، جارێک حەواڵەیەکم بۆ هات لە کەسوکارمەوە، ژنێکى عێراقى هات یەک دەفتەر دۆلارى بۆ هاتبوو بە حەواڵە، کە پرسیارم کرد گوتیان، ئەوە سەر بە گرووپێکە و ئەوان پارەیان بۆ ناردووە تاوەکو بەسەر ژنەکاندا دابەشى بکات لە کامپەکەدا.
 
رووداو: بە گوێرەى ئەوەى کامپەکە هەیە ئەوە راستە کە مەترسیدارە و نەوەى نوێى داعشى تێدایە ئەگەر یەکلا نەکرێتەوە؟
 
حەلا عەبدى: ئێمە وەک عێراقییەکان زۆر قورسە بەلامانەوە، نەوەیەک گەورە دەبێت کە 12 بۆ 13 ساڵانە، کێشەکە باوکیان نەبوون، کێشەکە لە دایکیاندا بوو کە بیری داعشییان بۆ دەگوێزانەوە.
 
رووداو: کەوابێت بۆمبێکى کاتییە؟
 
حەلا عەبدى: سەد لە سەت بۆمبێکى کاتییە.
 
رووداو: کە دەگەڕانەوە بۆ عێراق چۆن وردبینىی ئەمنى دەکرا و لێکۆڵینەوە هەبووە؟
 
حەلا عەبدى: ساڵى 2017  کاتێک ئێمە چووین بۆ کامپەکە گەڕانەوە راگیرا، گوتیان سنوور داخراوە، لە دواى ئەوە لە 2021 شاندێکى عێراقى هاتن دەستی کرد بە تۆمارکردن، وێنەگرتن، لێکۆڵینەوەى ئەوەى کە لە کوێوە هاتن؟ چۆن چوونەدەر؟ هۆکار چى بوو؟ هەموو ئەوەمان بۆ باسکرد کە بەسەرمان هاتووە، منداڵەکانمان هى کێن؟ تۆماریانکردین و پێنج مانگ دواى ئەوە یەکەم کاروان گەڕانەوە، دواى ئەوە ناوەکانمان هاتەوە و ئێمەشیان برد، خێزانیش هەیە کە پارە دەدەن بە شاندى عێراقى بۆ ئەوەى ببرێنە دەرەوە.
 
رووداو: کەس هەبووە لە دواى وردبینى لە دۆسیەکەی رێگەی پێنەدرێت بگەڕێتەوە؟
 
حەلا عەبدى: بەڵێ هەبوو، چەندین خێزان هەیە دەمێکى زۆرە لەوێن و ریزبەندییەکانیان سێ و چوار و ژمارە 10ن و نەگەڕێندراونەتەوە، دەڵێن ئێمە هیچمان نییە بۆ نەگەڕاوینەتەوە و هۆکار چییە ناگەڕێنرێینەوە.
 
رووداو: هەر کاروانێک چەند کەس بوون کە دەگەڕانەوە؟
 
حەلا عەبدى: هەر کاروانێک کە دەردەچن لە هۆل بۆ جەدعە دەگەیشتنە 150 خێزان، شاندێکى عێراقى لە هۆلەوە دەیانبردین و  دوو ئۆتۆمبێلى هەسەدە لەگەڵیان بوو، لەوێ لەسەر سنوور رادەستى سوپاى عێراق دەکراین، تاوەکو دەگەیشتینە جەدعە.
 
رووداو: ئەى لە جەدعە وردبینیی ئەمنى لە دۆسیەکانتان دەکرا؟
 
حەلا عەبدى: هەمان وردبینى لە دۆسیەکانماندا دەکرا کە پێشتر کرابوو، چۆن چوونەتە دەرەوە؟ وەک چۆن یەکەمجارە شاندە عێراقییەکە چاویان پێمانکەوت کە ناوى هاوسەرەکەت چییە، باوکت، براکانت کێن؟ بەڵام مامەڵەکان لە جەدعە باشتر بووە لە هۆل.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە