رووداو- هەولێر
شاندە ئابوورییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە بگەنە هەولێر، سەردانەکەیان بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە. بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش ئاگاداری هۆکاری دواخستنەکە نین.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شەوی رابردوو بەرپرسانی ئێران بەبێ ئاماژەکردن بە هۆکارەکەی، ئاگاداریان کردینەوە کە سەردانەکە ئەنجام نادرێت".
بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە 9-12-2015، شاندێکی ئێرانی بە سەرپەرشتی رۆستەم قاسمی، راوێژکاری وەزیری نەوت و سەرۆکی دەستەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی ئێران و عێراق سەردانێکی سێ رۆژە بۆ هەرێمی کوردستان بکەن.
بڕیاربوو شاندی ئێرانی لەو سەرفەرەدا، بەدواداچوون بۆ ئەنجامی سەردانەکانی پێشوویان بۆ هەرێمی کوردستان بکەن، بەتایبەت لەبواری راکێشانی بۆڕی نەوت و گازدا.
لە 27/02/2015 شاندێکی وەزارەتی نەوتی ئێران لێکتێگەیشتنێکیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان واژۆکرد. لێکتێگەیشتنەکە بۆ راکێشانی بۆڕیی گازی سرووشتییە بۆئەوەی لەڕێگەی سنووری قەسری شیرینی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆڕییەکە بگەیێندرێتە ناوچەی گەرمیان و لەوێشەوە بۆڕییەکە بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان رابکێشرێت.
گواستنەوەی گازوایلی ئێران و گەیاندنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و ناوچە پیشەسازییەکانی باشووری کوردستان و هەروەها راکێشانی بۆڕیی نەوت لەو پڕۆژە هاوبەشانەن کە ئێران و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کردوون.
بەرپرسانی هەولێر و تاران رایانگەیاندووە، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، تاوەکو هەردوولا دەگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش. رێککەوتنێک کە لە ئەگەری واژۆکردنی بۆماوەی 20 ساڵ هەولێر و تاران لەڕووی وزەوە بەیەکدی دەبەستێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ