کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بە ئامادەبوونی ئەمیرعەبدوڵڵاهییان کرایەوە

09-04-2024
لهۆن نەسرەدین
کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق
کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە دەستی وەزیری دەرەوەی ئێران و بە ئامادەبوونی هاوتا سوورییەکەی، قردێلەی دووبارە کردنەوەی بەشی کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە دیمەشقی سووریا بڕدرا. 
 
پاشان، ئەمیرعەبدوڵڵاهییان سەردانی بارەگای سەرەکیی کۆنسوڵخانەکەی کرد کە لە 1ـی ئەم مانگەدا بۆردوومانکرا و 13 کەس کوژران، لەنێویاندا حەوت بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران، کە دوویان فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودس بوون.
 
کۆبوونەوەش لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا بەشێك لە دیدارەکانی ئەمیرعەبدوڵڵاهیان بوو. وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەکانی وڵاتەکەی لە ئەمریکا و ئیسرائیل دووبارە کردەوە.
 
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی "دەمەوێت لە دیمەشقەوە بە دەنگێكی بەرز رایبگەیێنم؛ ئەمریکا لەم رووداوەدا بەرپرسیاریێتی لە ئەستۆیە و رژێمی ئیسرائیلیش دەبێت سزا بدرێت." 
 
هەرچەندە ئیسرائیل بە زاریدا نەهاتووە ئەو هێرشەکەی کردبێت، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی شوێنەی کە بۆردوومانکراوە کاری کۆنسوڵیی تێدا نەکراوە، بەڵکو ناوەندێکی سەربازی بووە. 
 
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان بە ڤیدیۆ کۆنفرانس گوتارێكی پێشکێشی بەرپرسانی حیزبەکەی لە باشووری بەیرووت کرد و لەو بارەیەوە هەندێ ئاماژەی دا. 
 
حەسەن نەسروڵڵا رایگەیاند "بوونی ئەو راوێژکارانە لە بنچینەدا لە ساڵی 1982ـوەوە لە سووریا بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەڵستکارانی لوبنانی و فەلەستینی بووە دژ بە رژێمی زایۆنی، ئەوان خزمەتێکی لە رادەبەدەریان بەو هێزانە کردووە." 
 
ئەمریکا لەسەر زاری کێربی، هاوئاهەنگکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، رایگەیاند، لە ئاست هەڕەشەکانی ئێران، وڵاتەکەی دەستەوەستان نابێت. 
 
جۆن کێربی، هاوئاهەنگکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی گوتی "یەکەم شت، ئێمە دەزانین ئێران ئاشکرا هەڕەشەی  لە ئیسرائیل کردووە و سەرۆک بایدنیش لە ئاست بەرگریکردن لە ئیسرائیل پابەندبوونی وڵاتەکەی راگەیاندووە. هاووڵاتییانمان، هێز و شاندە دیپلۆماسییەکانمان لە هەرشوێنێكدا بن لەنێویاندا لە عێراق و سووریا، لەژێر هەڕەشەدان و ئێمە هێزی گونجاو بۆ بەرگریکردن لێیان بەکاردەهێنین."
 
سیناریۆی وەڵامەکانی ئێران زۆرن؛ بەرزترینی هێرشکردنە سەر خودی ئیسرائیل و لانیکەمیشی پەرەدانە بە پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم کە سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران وەک بەشێك لە سەربەخۆیی و سەروەریی وڵاتەکەی پێناسەی کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە