وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشە لە حیزبوڵڵای لوبنانی دەکات

دوێنێ کاژێر 09:15
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل خەڵکی لوبنان ئاگادار دەکاتەوە کە ئێران و حیزبوڵڵا ئەوانیان کردووەتە بارمتەی خۆیان و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان دەهێنن. بۆیە هۆشدارییان دەداتێ یاری بە ئاگر نەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 08-08-2024، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بە زمانی عەرەبی بۆ خەڵکی لوبنان نارد و گوتی: "ئێرانی شیعە و حیزبوڵڵا ئێوەیان کردووەتە بارمتەی خۆیان."
 
دوای کوژرانی فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵا لە بەیرووت و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران؛ ئیسرائیل رووبەڕووی هەڕەشەیەکی زۆری ئێران و حیزبوڵڵا بووەتەوە و جیهان چاوەڕێی هێرشیانە بۆ سەر ئیسرائیل.
 
گاڵانت زیاتر نووسی: "ئامانجی دەوڵەتی ئیسرائیل بریتییە لە ئارامی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە سنووری باکوور. بۆیە، هەرگیز رێگە بە حیزبوڵڵا مەدەن سنوورەکان و ناوچەکە ناسەقامگیر بکات."
 
ئێران بەڵێنی داوە وەڵام بداتەوە و حیزبوڵڵاش لە هەڕەشەکانی نەوەستاوە، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت بۆ هێرش و بەرگری ئامادەین. ئەمریکا و رۆژئاوا و بەشێکی وڵاتانی عەرەبیش لە هەوڵی دیپلۆماسیدان دۆخەکە ئارام بکەنەوە.
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها بە گەلی لوبنانی راگەیاند، ئەگەر حیزبوڵڵا لە شەڕەنگێزییەکانی بەردەوام بێت، ئیسرائیل شەڕێکی سەخت دەکات. پەشیمانییەکەی حەسەن نەسروڵڵاتان بەبیر بێت کە لە سەرکێشییە مەترسیدارەکەی خۆی لە ئابی 2006 کردی؛ هەربۆیە زۆر وریای خۆتان بن کە سەرکێشییەکی دیکەی بێ بیرکردنەوە لە ئابی 2024 نەکەن. ئەوەی یاریی بە ئاگر بکات، موژدەی وێرانکاری دەدرێتێ.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا ئێف 22 راپتەر گەیشتنە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم."
 
سێنتکۆم راشیگەیاند: "گەیاندنی ئەو فڕۆکانە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری زیادبوونی گرژییەکانن لەلایەن ئێران و گرووپە پاشکۆکانەوە."
 
فوئاد شوکر، سەرکردەی سەربازیی حیزبوڵڵا بوو، لە 30-07-2024 لەلایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری بەیرووت کرایە ئامانج و کوژرا. ئیسماعیل هەنییە رۆژێک دوای شوکر لە باڵاخانەیەکی سەر بە سوپای پاسداران لە تاران کوژرا، بەڵام ئیسرائیل نەیخستووەتە ئەستۆی خۆی و رەتیشی نەکردووەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی باقری، وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت

وەزیری دەرەوەی ئێران: ئیسرائیل دەیەوێت جەنگ لە ناوچەکە بەرپابێت

وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەیەوێت لە ناوچەکە جەنگ بەرپابێت. دەشڵێت، ئیسرائیل ناتوانێت رووبەڕووی ئێران ببێتەوە.