ئەمریکا: لە دەریای سوور درۆنێکمان خستەخوارەوە

08-01-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، لە دەریای سوور هێزەکانی ئەمریکا درۆنێکیان خستووەتەخوارەوە، کە نزیکی چەند کەشتییەکی بازرگانی ببووەوە.
 
رۆژی شەممە 6ی کانوونی دووەمی 2024 فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم بڵاویکردەوە، لە دەریای سوور لە کەشتیی یو ئێس ئێس لابوونەوە درۆنێکیان خستووەتەخوارەوە، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانی یەمەنەوە ئاراستە کرابوو.
 
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، رووداوەکە لە باشووری دەریای سوور روویداوە و درۆنەکە زیانی بە هیچ کەشتییەکی ناوچەکە نەگەیاندووە.
 
راگەیاندنی خستنەخوارەوەی درۆنەکە لەکاتێکدایە دوێنێ سێنتکۆم بڵاویکردەوە، درۆنێکیان لە هەمان ناوچە خستووەتەخوارەوە.
 
ئاڕاستەکردنی ئەو درۆنە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە لە کاتێکدایە کە 4ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، 12 وڵات بە سەرکردایەتیی ئەمریکا هۆشدارییان لەبارەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور بە حووسییەکانی یەمەن دابوو.
 
لە بەرامبەریشدا بەردەوام حووسییەکانی یەمەن دەڵێن، هەر کەشتییەکی ئیسرائیلی یان پەیوەندیدار بە ئیسرائیلەوە بە دەریای سوور و نزیک سنوورەکانیاندا بێت، بەئامانجی دەگرن.
 
لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی رابردوودا، وەکو پشتگیرییەک بۆ غەززە، حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشکردنەسەر ئەو کەشتییانە کردووە کە بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕن.
 
یەکەم هێرشی ئاویی حووسییەکان رۆژی 19-11-2023 بوو، کە بە هێلیکۆپتەر هێرشیان کردە سەر کەشتییەک بەناوی "گالاکسی لیدەر" و بە 25 ستافەوە رفاندنیان.
 
ئەوکات، یەحیا سەریع هۆشداریی دا، "هەموو کەشتییەکی ئیسرائیل یان سەر بە ئیسرائیل لە دەریای سوور دەبێتە ئامانجی شەرعیی هێزەکانی حووسی."
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش، لەو کاتەوە حووسییەکانی یەمەن بە زیاتر لە 100 مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتەسەر کەشتییەکانی دەریای سوور.
 
دەریای سوور بە یەکێک لە رێڕەوە ئاوییە گرنگەکان دادەنرێت، کە بەگوێرەی میدیای بەریتانی، 12%ی گواستنەوەی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.