ئێران: هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس وەرچەرخانی مێژوویی بوو

07-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئێران لە ستایشی هێرشەکەی پارساڵی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەڵێت: "کاتێکی یەکلاکەرەوە و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو" بۆ فەلەستینییەکان. راشیگەیاند، ئەمریکا بەشداربووە لە "تاوانەکان"ـی ئیسرائیل. 
 
رۆژی دووشەممە، 07-10-2024 وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە دۆزی رەوای گەلی فەلەستین، لە دژی شەڕانگێزی و داگیرکاریی رژێمی زایۆنی."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکەی بە "رشتنی تووڕەیی پەنگخواردووی 80 ساڵەی گەلی فەلەستین لە دژی داگیرکاری، کوشتن و کۆمەڵکوژکردن" ناوبرد.
 
وەزارەتەکە هەروەها سەرکۆنەی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیلی کرد کە "پشتگیریی لە هەنگاو و کارەکانی" دەکەن، راشیگەیاند: "پشتیوانانی رژێمی داگیرکار، بە تایبەت ئەمریکا لە تاوانەکانی دژی فەلەستینییەکان، لوبنانییەکان، سوورییەکان و یەمەنییەکان بەشداربوون."
 
ئەو وەزارەتەی ئێران داوایکرد "ئەوان [ئەمریکا] لەسەر ناردنی چەک بۆ رژێمی زایۆنی، دەبێت رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە."
 
لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە ساڵی 2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی کتوپڕیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل. بەگوێرەی ئیسرائیل، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی هەزار و 200 کەس و ئاوارەبوونی 200 هەزار کەسی دیکە. 250 کەسیش بە بارمتە کەوتنە دەست چەکدارانی بزووتنەوە فەلەستینییەکە، کە تاوەکو ئێستا رزگارکردن و ئازادکردنی 117ـیان و کوژرانی 72 کەسیان پشتڕاستکراوەتەوە. 
 
ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە کرد، 13ـی هەمان مانگیش هێرشی زەوینی بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەلەستین دەستپێکرد. 
 
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا 41 هەزار و 870 کەس کوژراون، 97 هەزار و 166 کەسیش بریندار بوون. زیاتر لە دوو ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.
 

 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە