قەتەر لە بارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل: ئەوەی روودەدات ئیسرائیل لێی بەرپرسە

07-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن فەلەستین ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، قەتەر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەوەی روودەدات، ئیسرائیل لێی بەرپرسە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رۆژی شەممە بڵاویکردووەتەوە، هاتووە "قەتەر ئەوپەڕی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنەکانی کەرتی غەززە دەردەبڕێت و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات گرژییەکان بووەستێنن، دۆخەکە هێوربکەنەوە و ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن."
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئیسرائیل بە 'تاکە بەرپرس' دەزانێت لە بەرامبەر ''ئەم گرژییە بەردەوامانە بەهۆی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی لە دژی مافەکانی گەلی فەلەستین، کە دوایینیان هەڵکوتانەسەر مزگەوتی ئەقسای پیرۆز بوو لەژێر چاودێریی پۆلیسی ئیسرائیلی."
 
وەزارەتەکە هەروەها "جەخت لەسەر پێویستیی هەنگاونانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکاتەوە بۆ پابەندکردنی ئیسرائیل بە وەستاندنی پێشێلکارییە زەقەکانی دژی یاسای نێودەوڵەتی."
 
قەتەر هەڵوێستی خۆی لە بارەی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە بەوەی کە دەبێت "وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستین لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی 1967 دابمەزرێنرێت و پایتەختەکەشی رۆژهەڵاتی قودس بێت."
 
کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی (حەماس)، بەیانیی ئەمڕۆ دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەناوی "تۆفانی ئەقسا'' کرد، هەزاران مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و چەکدارەکانی دزەیان کردە نێو ئۆردووگا جوونشینەکان. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی پێچەوانەی بەناوی "شمشێری پۆڵایین'' بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردنە سەر ناوچە جیاجیاکانی. 
  
میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلی گەیشتووەتە 250 کەس، هەزار و 500ـی دیکەش برینداربوون، کە 290ـیان لە دۆخێکی مەترسیداردان. تەندروستیی غەززەش رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 232 کەس و هەزار و 700ـی دیکەش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە