ئەمریکا: پابەندبوونمان بە مافی ئیسرائیل لە بەرگریکردن لە خۆی، نەگۆڕە

07-10-2023
نیاز مستەفا
نیشانەکردن حەماس ئیسرائیل فەلەستین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئەمریکا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس بە "خاڵیکی گەش لە مێژووی خەباتی هاووڵاتییانی فەڵەستینی دژی زایۆنییەکان" وەسف دەکاتهاوکات، بەشێك لە سەرکردە و وڵاتانی دیکەی جیهانیش داوای وەستاندنی شەڕ دەکەن. 
  
رۆژی شەممە، 07-10-2023، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پابەندبوونی ئێمە بۆ مافی ئیسرائیل لە بەرگریکردن لەخۆی بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە." هەروەها دەشڵێت، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کاردەکات "بۆ دڵنیایی دان لەوەی کە ئیسرائیل ئەوەی پێویستییەتی هەیەتی بۆ بەرگریکردن لەخۆی و پاراستنی هاوڵاتییانی سیڤیل لە هەموو تووندوتیژییەکان و تیرۆریزم."
 
ئێرانیش هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین راگەیاند، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ پەڕەیەکی نوێی لە مەیدانی بەرخۆدان و ئۆپەراسیۆنی چەکداری دژی داگیرکەران تۆمارکرد." 
 
هەروەها دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا بەرخۆدان و سەرکەوتنی درەوشاوەیان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەدەستهێناوە و ئەمە خاڵیکی گەشە لە مێژووی خەباتی هاووڵاتییانی فەڵەستینی دژی زایۆنییەکان."
 
لەکاتی بەڕێوەچوونی چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە فەڵەستین و ئیسرائیل کرد دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەڵکشانی زیاتری شەڕ دووربگرن. گوتیشی، "بانگهێشتی هەموو لایەنەکان دەکەین، بە دانایی رەفتار بکەن و خۆیان لەو هەنگاوانە بەدوور بگرن کە دەبنە هۆی زیاتر هەڵکشانی گرژییەکان." 
 
تۆر وێنسلەند، نێردراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوای وەستانی دەستبەجێی گرژییەکانی کرد و رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی فرەبەرەیی دژی شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل دەکەم." 
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی میسڕ لە راگەیێندراوێکدا داوای بەرزترین پلەی دان بەخۆداگرتنی لە هەردوو لایەنی ئیسرائیلی و فەلەستینی کرد و هۆشداریدا لە "مەترسییە ترسناکەکانی بەردەوامی پەرەسەندنەکان." 
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، "مافی بەرگری لە خۆکردنی ئیسرائیل جێگەی مشتومڕ نییە." دەشڵێت، "تیرۆر هەموو کات تاوانە، نەک تەنیا دژی یەک وڵات یان قوربانییەکی دیاریکراوە، دژی مرۆڤایەتییە بە گشتی."
 
گەڕی ئەمجارەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.  
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر هێرشەکان، هەڕەشە لە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەکات و دەڵێت، ئەو بزووتنەوە چەکدارییە "باجێک دەدات تاوەکو ئێستا نەیدابێت. ئێمە لە جەنگداین و سەرکەوتووش دەبین." 
 
هاوکات، لەسەر بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکان، ریچارد هێخت، گوتەبێژی فەرمیی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "لە چەند ناوچەیەکی سنووری نێوان کەرتی غەززە و ئیسرائیل شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی سوپای وڵاتەکەی و چەکدارانی حەماس هەڵگیرساوە."
 
بەهۆی بەردەوامی پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بڵاویکردەوە، تاوەکو کاژێر 16:20ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی فەلەستین (هەمان کات بە کاتی هەولێر) بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە "198 کەس شەهید بوون و هەزار و 1600 کەسی دیکەش بە برینداری جیاواز برینداربوون."
 
بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی ئیسرائیل، لە کاژێرەکانی سەرەتای بۆردوومانکردنی ئیسرائیل لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە 40 هاووڵاتی کوژراون و 779 هاووڵاتی دیکەش برینداربوون. بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە