رووداو دیجیتاڵ
دوای رۆژێک لە داواکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە کەرتی رۆژئاوا، دوو چەکداری فەلەستینی لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا کوژران.
رۆژی هەینی، 7ی تەممووزی 2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بڵاویکردەوە، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لە شاری نابلوسی کەرتی رۆژئاوا، دوو هاووڵاتیی فەلەستینی کوژران و سێی دیکەش برینداربوون. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلی و فەلەستینی، رووبەڕووبوونەوەکە کاتێک روویداوە کە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاویان کردووەتە سەر ناوچەکە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکەیان بۆ دەستگیرکردنی دوو کەس بووە کە گوایە لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا هێرشێکی چەکدارییان بۆسەر پۆلیسی وڵاتەکەیان لە کەرتی رۆژئاوا ئەنجامداوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی خەیری شاهینی تەمەن 34 ساڵ و هەمزە مەقبولی تەمەن 32 ساڵان لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا کوژراون.
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "ئەو چەکانەی لەلایەن چەکدارەکانەوە بەکارهاتوون، دۆزراونەتەوە؛ هەروەها هیچ کوژراو و بریندارێکمان لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا نەبووە".
بە گوێرەی راگەیێندراوی لیوای ئەبو عەلی مستەفا، باڵی چەکداریی بەرەی میلیی رزگاری فەلەستین، هەردوو چەکدارەکە ئەندامی ئەوان بوون.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای ئیسڕائیل بۆ سەر کەمپی جنین لە کەرتی رۆژئاوا دەستیپێکرد کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو. لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا 12 هاووڵاتیی فەلەستینی کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ