رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
خەڵک لەسەر شەقامێکی غەززە کە بەهۆی بۆردوومانەوە باڵەخانەکانی دەوروبەری رووخاو و دیمەنی وێرانەیەک پێشان دەدەن. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، لەدوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، وەڵامەکەی حەماسیان بەدەست گەیشتووە بۆ رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار مانگەی غەززە.
شەوی سێشەممە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وەڵامەکەی حەماسیان لەبارەی ئاگربەستی نوێ لە رێگەی بەرپرسانی قەتەری و میسرییەوە بەدەست گەیشتووە و سەرقاڵی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانین. سەرۆکوەزیرانی قەتەریش رایدەگەیێنێت، حەماس وەڵامێکی "ئەرێنی"ـی پلانی ئاگربەستەکەی داوەتەوە.
وەڵامیی حەماس بۆ پلانی ئاگربەستە نوێیەکە کە مانگی رابردوو لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەمریکا، قەتەر و میسر لە پاریس لەسەری رێککەوتبوون لەکاتێکدایە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی سعودیە، میسر و قەتەر، رۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرکردایەتیی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە.
ئەمە پێنجەمین سەردانی بلینکنە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە و هەوڵێکی نوێی ئەمریکایە بۆ راگرتنی ئەو شەڕەی تائێستا بووەتە هۆی کوشتنی زیاتر لە 27 هەزار فەلەستینی و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی.
لەبارەی وەڵامەکەی حەماسەوە، محەممەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند "ئێمە وەڵامی حەماسمان لەبارەی چوارچێوەی گشتی رێککەوتنی ئاگربەست و بارمتەکان بەدەست گەیشتووە، وەڵامەکە هەندێک تێبینی تێدایە، بەڵام بەگشتی ئەرێنییە."
لای خۆیەوە بلینکن رایگەیاند، ئیسرائیل وەڵامەکەی حەماسی بەدەست گەیشتووە و رۆژی چوارشەممەش لەگەڵ ئیسرائیلییەکان تاوتوێی ئەو وەڵامە دەکەن. گوتیشی "بە چڕی تاوتوێی دەکەین و هەموو تواناشمان دەخەینەگەڕ بۆ رێککەوتن، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێن."
تائێستا، بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راستەوخۆ قسەی لەسەر وەڵامەکەی حەماس نەکردووە، بەڵام رۆژی سێشەممە لەبارەی جەنگەکەوە رایگەیاند "ئێمە لە سەرکەوتن نزیکین و ناوەستین، ئەم هەڵوێستەش بۆچوونی زۆرینەی خەڵکەکەمانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ